یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا: خوێندنی کوردی لە شنگال پاشەکشێی کردووە

20-02-2024
شیراز رەئوف
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا.
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، خوێندنی کوردی لە شنگال پاشەکشێی کردووە و ئێستا لەلایەک بەهۆی ئاسان وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق، خواست لەسەر خوێندن بە زمانی عەرەبی زیادی کردووە و لە لایەکی دیکەش پەروەردەی کوردی لە شنگال نییە تاوەکو پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی دابین بکرێت.
 
دوای دەستبەکاربوونی، پارێزگاری نەینەوا رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، سەردانی شنگالی کرد بۆ بەدواداچوونی گرفتەکانی قەزاکە و قەرەبووکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاسانکاری دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی شنگال کە سێ جۆر قەرەبووە و زیاتر لە 12 هەزار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی ئامادەکراون، بەشێکیان قەرەبووی مەعنەوی و بەشێکیشیان قەرەبووی ماددی دەکرێنەوە."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا باسی لە دۆخی ئاوارەکان کرد و گوتی: "ئێستا تەنیا 40٪ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و ٪25ی خەڵکی شنگال لە کەمپەکانن".
 
سەبارەت بە هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا پێیوایە هۆکارەکە سیاسییە نەک خزمەتگوزاری و گوتی: "لە شنگال هەموو لایەنەکان ناکۆکن، ناکۆکیی کورد و کورد هەیە، ناکۆکیی عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە هەیە، ناکۆکی کورد و عەرەب هەیە، تەنانەت ناکۆکیی وڵاتانی هەرێمیی و هێزە نێودەوڵەتییەکان هەیە، هەربۆیە بە هۆکاری سیاسیی ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاساییبوونەوەی رەوشی شنگال دروست دەکرێت."
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا باسی لە دۆخی پەروەردە و بەتایبەت خوێندنی کوردی کرد و گوتی: "خوێندنی کوردی لە رەوشێکی زۆر خراپدایە و بەراورد بە پێش رووداوەکانی 2014 پاشەکشێی زۆری کردووە."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا پێیوایە پاشەکشێکردنی خوێندنی کوردی لە شنگال چەند هۆکارێکی هەیە، لەلایەک بەهۆی ئاسانوەرگرتنیان دواتر لە زانکۆ و پەیمانگەکان خوێندکارانی شنگال خواستیان لەسەر خوێندنی عەرەبی زیاترە، لەلایەکی دیکەش پەروەردەی کوردی لە شنگال نییە تاوەکو پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی دابین بکات، هەربۆیە ئەو پاشەکشێیەی خوێندنی کوردی دروستبووە.
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی: "پارێزگاری نەینەوا پێداگیریی دەکات لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەپێناو ئاساییبوونەوەی دۆخی قەزاکە و پێکهێنانەوەی ئیدارەی قەزاکە". گوتیشی: "جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکات."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە