رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی ساڵێکدا لە پارێزگای سنە رێگری لە لەباربردنی 300 کۆرپەلە کراوە؛ دەشڵێت: "ناوەندە راوێژکارییەکان رۆڵی سەرەکییان لە قایلکردنی خێزانەکاندا هەبووە."
خالید رەحمانی، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان و بە هاوکاریی ناوەندە راوێژکارییەکانی تایبەت بە خێزان لە پارێزگاکە، توانیویانە لە ماوەی ساڵی رابردوودا رێگە لە لەباربردنی 300 کۆرپەلە بگرن.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە، زۆرجار خێزانەکان بەهۆی "دووگیانیی نەخوازراو" یان هۆکاری جیاواز بڕیاری لەباربردن دەدەن، بەڵام ئەو ناوەندە راوێژکارییانەی لەسەر ئاستی پارێزگاکە و بەتایبەت لە شاری سنە هەن، راوێژی پێویست دەدەنە خێزانەکان بۆ ئەوەی لەو بڕیارە پاشگەز ببنەوە.
خالید رەحمانی گوتیشی: "ئەم ناوەندانە خزمەتگوزاریی راوێژکاریی دەروونی، پزیشکی و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکەن، بۆ ئەوەی خێزانەکان بە وشیارییەوە بڕیار بدەن و رێگری لە لەباربردنی کۆرپەلە بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کاریگەریی ئەو ناوەندانە، زانکۆی پزیشکیی سنە هەوڵی زیادکردنی ژمارەیان دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەباربردنی منداڵ بە "نایاسایی" دادەنرێت و تەنیا لە هەندێک باری تایبەتدا مۆڵەت دەدرێت؛ ئەویش لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا و بە مۆڵەتی پزیشک، بەو مەرجەی کۆرپەلەکە کێشەی تەندروستی هەبێت یان مەترسی بۆ سەر گیانی دایکەکە دروستبکات.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە رۆژی چوارشەممە (18-02-2026) بڵاوکراوەتەوە، ساڵانە لە نێوان 10 هەزار بۆ 12 هەزار لەباربردنی "یاسایی" لە نەخۆشخانەکانی ئێران تۆمار دەکرێن.
شارەزایانی کۆمەڵایەتی پێیانوایە، کێشەی ئابووری، بارودۆخی خێزانی و ئارەزووی دایکان و باوکان بۆ منداڵی کەمتر، هۆکارە سەرەکییەکانی پەنابردنن بۆ لەباربردنی کۆرپەلە.
ساڵانە لە نێوان 10 بۆ 12 هەزار لەباربردنی "یاسایی" لە نەخۆشخانەکانی ئێران تۆمار دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ