رووداو هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی عێراق موزەفەر نەوابم پێگەیشت کە ژیان و شیعرەکانی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و ستەملێکراوان تەرخانکرد. بە کۆچی دوایی ئەم شاعیرە دەنگێکی رەسەنی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستمان لەدەستدا".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 20.5.2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی عێراق موزەفەر نەوابم پێگەیشت کە ژیان و شیعرەکانی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و ستەملێکراوان تەرخانکرد. بە کۆچی دوایی موزەفەر نەواب، دەنگێکی رەسەنی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستمان لەدەستدا. سەرەخۆشی لە خێزانی و کەسوکاری و ئەدیبان و رۆشنبیرانی عێراق دەکەم. داواکارین لە خودای گەورە بەزەیی فراوانی خۆی بەسەردا ببارێنێت و ئارامی و خۆڕاگری بە هەمووان ببەخشێت".
موزەفەر نەواب، شاعیری بەناوبانگی عێراق و بەرهەڵستکاری سەرسەختی دەسەڵاتی سەدام حوسێن و حیزبی بەعس لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی 20.5.2022، لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شاریقە لە ئیمارات کۆچی دواییکرد.
موزەفەر نەواب یەکێک لە دیارترین شاعیرانی عێراق بوو کە لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستیان بە نووسینی شیعر کرد؛ بۆیە بە کۆچی دوایی، کە بەهۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵییەوە لە لایەن دەسەڵات و حکومەتەکانی پێشووی عێراقەوە زیاتر لە 30 ساڵ لە وڵاتانی لوبنان و سووریا و ئیمارات نیشتەجێبوو، قۆناخێکی گرنگی شیعر لە عێراق کۆتاییدێت؛ قۆناخێک کە بە دەوڵەمەندیی نێوەڕۆک و بوێری و دەرچوون لە باو ناسراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ