رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان بەردەوامن لە کارکردن بۆ چاککردنەوە بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر و هەموو هەواڵیان ئەوەیە تاوەکو ئێوارە ئاو بەربدرێتەوە بۆ شارەکە.
دوێنێ دوو شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە رایگەیاند، "بەهۆکاری کارکردنی چەند هاووڵاتییەكی نابەرپرس بۆ راکێشانی هێڵی کارەبا و هەڵکەندن بە حەفارە بۆ دانانی بناخەی ستوون بۆ راکێشانی کارەبا بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و دیاریکردنی رێچکەی خزمەتگوزاری، لەکاتی کارکردنیان هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازیان شکاندووە و چاککردنەوەی 24 کاژێری پێویستە."
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، کارکردنی تیمەکانیان بەردەوامن بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە و هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە گرفتەکە چارەسەر بکەن و ئاو بگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
بەگوتەی رابەر حوسێن، زیانی ئەو شکاوییەی کە لە بۆریی هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز سێ دروست بووە نزیکەی 60 ملیۆن دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، بەشێوەیەک خەرجی و تێچوو و پێداویستیی چاککردنەوە هەم ئەو ئاوە بەفیڕۆچووەی لەو ماوەیەدا کە نزیکەی 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچێت.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە نزیکەی هەزار و 300 بیری ئاو دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ