رووداو دیجیتاڵ
سێ چالاکڤانی کرێکاری دانیشتووی شاری سنە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە 51 مانگ بەندکردن سزادران.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان؛ عەبدوڵڵا خەیرئابادی، ئیقباڵ پیشکاری و ئیقباڵ شەعبانی، تۆمەتبار کراون کە ئەندامی رێکخراوی کۆمەڵە بوون و لەو رێگەیەشەوە دژایەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیان کردووە.
ئەو چالاکڤانانە دووەم مانگی بەهاری ئەمساڵ لەگەڵ شەش چالاکڤانی کرێکاریی دیکە دەستبەسەر کرابوون. پێشتر سێ لەو کرێکارانە بە 39 مانگ بەندکردن سزا درابوون.
بەپێی بڕیاری دادگە، عەبدوڵڵا خەیرئابادی بە 9 مانگ، ئیقباڵ پیشکاری بە ساڵێک و ئیقباڵ شەعبانی بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردن حوکم دراون.
ئەو چالاکڤانانە بەهاری ئەمساڵ سەردانی خێزانی هومەن عەبدوڵڵاهیان کردبوو، کە یەکێک بوو لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی سنە، بەڵام دوای سەردانەکە دەستبەسەر کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ