رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئێوارە لە شاری مێردینی باکووری کوردستان، خێزانەکان دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی نەریتێکی کۆن و بەچێژ، ئەویش خەوتنە لە سەربانی ماڵەکانیان. بەر لە خۆرئاوابوون، پێخەف و جێگەی نووستن دەبردرێنە سەربانەکان و کەشێکی تایبەت دروست دەکەن کە تێیدا منداڵان زیاتر لە هەمووان دڵخۆشن و هەست بە ئازادییەکی زیاتر دەکەن.
کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، مێردین وەک تابلۆیەکی هونەریی رەنگین دەردەکەوێت و دانیشتووانەکەی لە هەوای فێنکی سەربانەکاندا کات بەسەر دەبەن. سەڵاحەددین ئاتماجا، یەکێک لە هاونیشتمانییانی شارەکە دەڵێت: "هەرکە ئێوارە دێ، لە سەربان کات بەسەردەبەین. هەواکەی فێنک دەبێ. مێردین زێدی ئێمەیە و جوانە".
هەرچەندە لە هەندێک شاری باکووری کوردستان وەک وان و قەرس پلەی گەرما لە هاویندا ناگاتە سەروو 35 پلەی سیلیزی، بەڵام لە شارەکانی وەک ئامەد و مێردین گەرما زیاترە. سەرەڕای ئەمەش، فێنکیی شەوان وایکردووە خەڵک پەنا بۆ سەربانەکان ببەن.
عەلی ئاتماجا، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە فێنکییەکە هێندە خۆشە، ناچاریان دەکات لێفە بەکاربهێنن و دەڵێت: "ئێواران زۆر فێنک دەبێ. تەنانەت کاتی بەرەبەیان خۆمان بە لێفە دادەپۆشین، چونکە بەرەبەیان زۆر سارد دەبێ، بەڵام ئێواران فێنک دەبێت".
بۆ منداڵان، ئەم ئەزموونە سرووشتییە بە خەوتن لە ژێر هەوای ساردی سپلیت ناگۆڕدرێتەوە. ئەمیر عەلی سنجار، یەکێکە لەوانەی چێژ لەم نەریتە دەبینێت و دەڵێت: "کاتێک لەبەر سپلیت دەخەویت، راستە فێنکە بەڵام مرۆڤ پێی ناڕەحەت دەبێ. بەڵام کاتێک لە سەربان دەخەوی، فێنکییەکەی سرووشتییە و بۆنی ئەو هەوایە زۆر ناوازەیە؛ یەکسەر خەو دەهێنێت".
بەم شێوەیە، منداڵانی مێردین شەوان دەبنە میوانی ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە و بەیانیانیش چاویان بە دیمەنێکی ناوازەی شارەکەیان هەڵدەهێنن، کە ئەمەش وایکردووە نەریتی خەوتن لە سەربانەکان هێشتا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ