شاخەوان عەبدوڵڵا: دامەزراندنەکانی عێراق نادەستوورین

20-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی خێوەتی خۆپێشاندەرانی دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە کۆلێژەکانی خانەقین کرد و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیانی دا.
 
نوێنەری خوێندکارەکان بە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی گوت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داماننامەزرێنێت، چونکە دەڵێت ئێوە کارتی نیشتمانیتان سەر بە خانەقینە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت لە کۆلێژێکی دانپێدانەنراون و دانامەزرێندرێن."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا بەڵێنی پێدان نووسراو بۆ خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی راژە بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان و گوتی، "ئەم کێشەیە جیدییە، بۆیە دەبێت هەردوو وەزیرانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و خوێندنی باڵای عێراق کۆببنەوە، بەتایبەتیش لەبارەی ئەو کێشەیەی کە لە هەردوولا دان بە هەندێک زانکۆی یەکدیدا نانێن."
 
لە ماوەی 10 ساڵ، 10 هەزار و 258 خوێندکار لە زانکۆی گەرمیان دەرچوون، بەڵام بەهۆی وەستانی دامەزراندن لە کەرتی حکومی، 10 ساڵە هیچ قوتابییەک دانەمەزراوە. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "بەداخەوە ئەم دەرچووانە بوونەتە قوربانی ئەوەی ناکۆکی نێوان هەرێم[ی کوردستان] و بەغدا لەسەر بابەتی دانپێدانەنان بە بەشێک لە زانکۆکانی یەکدی هەیە، قسەم لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق کردووە و ئامادەکاری هەیە و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە دەکرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ساڵی 2012ـەوە لە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن کەس دامەزرێنراوە، "بەڵام هیچ هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە و ئەوەش ناحەقییە کە دەکرێت." گوتیشی: "هەرچی دامەزراندنێک لە عێراق دەکرێت نادەستوورییە، ئەقڵیەتی مەرکەزی هەیە و بەشێکیشی بانگەشەی هەڵبژاردنە."
 
ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەو رێکارانەی هەن نوێ نین و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێین لەم دوو رۆژەدا بزانین چی دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.