سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە: زیاتر لە 430 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە

20-09-2025
هیوا جەمال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە، تاوەکو ئێستا 434 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە و 28 قوتابخانەی نوێش بە تەواوی ئامادەکراون؛ هەروەها کارکردن لە دروستکردنی 30 قوتابخانەش بەردەوامە.
 
رۆژی شەممە، 20-09-2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئاماری تایبەتی بۆ بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) نارد کە تێیدا هاتووە، وەزارەتەکە بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی و زیاتر لە 180 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر ئامادەکاری کردووە.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان کرد و گوتی: ''تاوەکو ئێستا 434  قوتابخانە بە شێوەی گشتی و لاوەکی نۆژەن کراونەتەوە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ خوێندن بڕەخسێنین.''
 
بە گوێرەی ئامارەکە، 28 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە دروستکراون و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا دەکرێنەوە کە 309 ژووری خوێندن لەخۆدەگرن.
 
هاوکات کارکردن لە دروستکردنی 30  قوتابخانەی نوێ بەردەوامە کە بە گشتی 473 پۆلی نوێی خوێندن بۆ سیستمی پەروەردە زیاد دەکەن. 
 
وەک ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لە هەنگاوێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و پاراستنی ژینگە، 127  قوتابخانە سیستمی وزەی خۆریان بۆ دامەزراوە.
 
لە کابینەی نۆیەمی حکومەت هەوڵدراوە ئەوانەی لە خوێندن دابڕابوون، بگەڕێندرێنەوە. لەو بارەیەوە سەرچاوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا "33 هەزار و 341 قوتابی کە لە خوێندن دابڕابوون، گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن."
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بۆ بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) نێردراون، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ نزیکەی 160,000 قوتابی لە پۆلی یەکەم دەست بە خوێندن بکەن.
 
"کەرتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، پشت بە 148 هەزار و 488 مامۆستای میلاک و گرێبەست، 31 هەزار و 555 فەرمانبەر دەبەستێت." بەگوێرەی سەرچاوەکەی وەزارەتی پەروەردە.
 
بۆ ساڵی نوێی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە کاتەکانی دەوامی قوتابخانەکانی بەپێی سیستمی یەک، دوو و سێ دەوامی دیاری کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە 21ـی ئەیلوول، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لۆگۆی هەسەدە

بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە: هێزێک بچێتە نێو سوپا و هێزێک ببێتە هێڵی بەرگریی خۆجێیی

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتوویەتی، دەکرێ هەسەدە ببێتە دوو هێز: هێزێک بچێتە نێو سوپای سووریا و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێک بێنێت