رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی پارێزگاری کرماشان، محەممەدڕەزا ئامویی لە پۆستی قایمقامی ناوەندیی پارێزگاکە لادرا و محەممەد موبین شوێنی گرتەوە.
رۆژی یەکشەممە 19-10-2025، مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، فەرمانی گۆڕینی قایمقامی ناوەندیی پارێزگاکەی واژۆ کرد.
بەگوێرەی فەرمانەکە، محەممەدڕەزا ئامویی، قایمقامی پێشووی شاری کرماشان لە پۆستەکە لادراوە و محەممەد موبین، وەک قایمقامی نوێ دیاریکراوە.
پێشتر محەممەد موبین چەندین پۆستی حکومیی دیکەی وەک جێگری قایمقامەکانی قوروە لە پارێزگای سنە و شازەند لە پارێزگای مەرکەزی هەبووە، هەروەها لە هەر یەکە لە پارێزگاکانی سنە، سمنان و قەزوێن چەندین بەرپرسیارێتیی دیکەی بەدەستەوە بووە.
گۆڕینی قایمقامی شارەکە لەکاتێکدایە کە لەم دواییانەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان بە تۆمەتی گەندەڵییەوە دەستبەسەرکراون و بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکە، بەدواداچوون بۆ دەستگیکردنی چەند بەرپرسی دیکەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ