رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەنێوان ئاخجەلەر و گۆپتەپە، سێ کەس سووتاون و کەسێکیش برینداربوو، دوو کەسیان ژن و پیاوێکن و بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیان، نەناسراونەتەوە.
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک گوندی عەسکەر و لەلای شاخەشینان روویداوە، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان و ئۆپڵ پێکیانداداوە و ئاگریان گرتووە.
ئۆتۆمبێلە ئۆپڵەکە بە گوتەی هێمن بەهجەت، دوو کەسی تێدابوون کە ژن و پیاوێک بوون و هەردووکیان بەتەواوی سووتاون و گیانیان لەدەستداوە. لە ئۆتۆمبێلە نیسانەکەشدا دوو کەس هەبوون، کەسێکیان سووتاوە و گیانی لەدەستداوە، ئەوی دیکەیشیان بریندارە.
بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ گوازراوەتەوە، تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گوێزراونەتەوە.
ئەو دوو کەسەی لە ئۆتۆمبێلە ئۆپڵەکەدا بوون، ناسنامەیان دیارنییە و هێمن بەهجەت دەڵێت، هیچ کەسێک سەردانی نەکردوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکانیان. "ژن و پیاوێکن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناسنامەیان دیارنییە، نازانین هاوژینی یەکدین یان نا". ئەوانەی لە ئۆتۆمبێلە نیسانەکەشدا بوون، خەڵکی شارۆچکەی سێ گردکانن لە قەزای کۆیە.
ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە، شەقامێکی یەک سایدی تەختە، هێمن بەهجەت دەڵێت، گومان دەکەن بەهۆی تیژڕەوییەوە رووداوەکە روویدابێت. تیمەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانیش لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە دەکەن.
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەنێوان ئاخجەلەر و گۆپتەپە، سێ کەس سووتاون و کەسێکیش برینداربوو pic.twitter.com/mZbz7nW9bU
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 20, 2020
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ