رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان ئاوی لافاو، داپیرەیەک و سێ نەوەی لەگەڵ خۆیدا برد و هەر هەموویان خنکان.
لەکاتێکدا شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە، لافاو لە 16 پارێزگا دروست بوو و بەتایبەتی لە ئێلهی باکووری کوردستان لافاوەکە زیانی گیانیی هەبوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی داپیرەیەک و سێ نەوەی.
ئەو خێزانە لە گەڕەکی سەیدان لە ئێلیهی باکووری کوردستان بوون کاتێک شەوی رابردوو ئاوی لافاو، لالیخانی تەمەن 54 ساڵ و سێ نەوەکەی لەگەڵ خۆیدا برد و دوای گەڕان، تەرمی لالیخان گولەر دۆزرایەوە.
سێ نەوەکەی ئەو ژنەش کە تەمەنیان لەنێوان یەک بۆ نۆ ساڵ بوو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-11-2023) دوای هەڵمەتێکی گەڕان دۆزرانەوە.
ئەو سێ نەوەیەی لالیخان کە خنکاون، ناویان ئاسنات، تەمەن یەک ساڵ، ئیسرافیل، تەمەن پێنج ساڵ و بیرگول گونەر تەمەن نۆ ساڵە
هاونیشتمانییان دەڵێن کەس بەهانایانەوە نەچووە
ئەمین بۆڵووت، سەرۆکی ئەنجوومەنی خەڵک دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئێلیهـ قسەی بۆ رووداو کرد و بە دڵێکی پڕەوە گوتی "ئەوە 12 کاژێرە خەڵکی ئێمە لەنێو ئەو لافاو و قوڕاوەدایە، لەنێو ئاودا خنکاون. پێنج، شەش کەسی ئێمە ئاو بردوونی. منداڵ لەنێو ئەو قوڕاوەدان و جگە لە خوا، هیچ کەسێک نە والییەک، نە سەرۆکی شارەوانی، کەس بە هانامانەوە نەهاتووە."
هەروەها گوتی "ئێرە ئیسرائیل و فەلەستین نییە، ئێرە باتمان (ئێلیهـ)ـە و هەمووی گورگن، ئەوانە نە موسڵومانن ئەوانە گورگی کوردانن... تەرمەکان لەنێو ئەو قوڕاوە دەردەهێنین.''
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی ئیدریس گونەر بە رووداوی گوت "ماڵمان چوو، ماتۆڕسکیلەکەم و خانوومان چوو. حاڵمان شپرزەیە و کوا دەوڵەت؟ کوا با کەسێک بێت، کوا والی ئێمە؟''
لافاو لە 16 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دروستبووە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە 16 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، تاوەکو ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە چوار کەسیان لە ئێلیهـ، کەسێک لە ئامەد، سێ کەس لە هەرێمی دەریای رەش و سەرنشینێکی کەشتییە ژێرئاو کەوتووەکەی سنووری ئاوی زۆنگوڵداکن.
عەلی یەرلیکایا گوتی، پارێزگارەکانیان راسپاردووە بۆ دیاریکردنی زیانی مادیی هاووڵاتییان، "رۆژی چوارشەممە لیستی زیانەکانمان پێدەگات و رۆژی هەینی قەرەبووی سەرجەم هاووڵاتییان دەکەینەوە، ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ