رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، مامۆستایانی ناڕازی بچنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. ئەندامێکی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، ژمارەیەک داواکاریی لەگەڵ خۆیان دەبەن و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراقیش کۆدەبنەوە.
دووشەممە، 20-11-2023 مامۆستا عادل حەسەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان هەموو یەکشەممەیەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان کردووە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بڕیاریان داوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ناڕەزایەتییەکانیان ببەینە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و، لەوێوە داوای مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لەبارەی داواکارییەکانیان لە بەغدا، مامۆستا عادل حەسەن گوتی "ئێمە، داوا دەکەین لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەشبکرێت، جگە لەوە، داواکارییەکی دیکەمان دیاریکردنی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵە، کە تاوەکو ئێستا دیارنییە و نامانەوێت بکرێینە قوربانی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق."
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا بایکۆتکردن لە سنووری هەڵەبجە، سلێمانی، قەزای کۆیە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە و رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023 بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لەو سنوورانە گردبوونەوە.
رۆژی 13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، جگە لەوە قوتابییانی پۆلی 12 دەخوێنن.
لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ