رووداو دیجیتاڵ
دەیان دانیشتووی گوندێکی دیواندەرەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بوون، تاوەکو ئێستاش دیار نییە هۆکاری ژەهراویبوونیان چییە.
نزیکەی 200 کەس لە دانیشتووانی گوندی کۆڵ لە ناوچەی ساراڵی دیواندەرە لە رۆژی هەینییەوە ژەهراوی بوون و قوتابخانەی گوندەکە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، داخراوە.
یەدوڵڵا بازغی، موختاری گوندی کۆڵ دەڵێت، ئەوانەی ژەهراوی بوون تەمەنیان لە نێوان 5 تاوەکو 50 ساڵانە و زۆربەیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
بەگوتەی موختاری گوندەکە، رۆژی شەممە 130 کەس بردراونەتە نەخۆشخانە و ژمارەیەکیش لەنێو گوندەکە دا، پشکنینیان بۆ کراوە.
دانیشتووانی گوندی کۆڵ دەڵێن، ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون رۆژی هەینی لە رێوڕەسمێکی زەماوەنددا بەشدارییان کردووە و لەوێ نانیان خواردووە.
هەر بە گوتەی خەڵکی گوندەکە ئەگەری زۆرە بەهۆی گۆشتی مریشک ژەهراوی بووبن، بەڵام فەرزاد بیدارپوور، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێت، بەشێک لەوانەی ژەهراوی بوون، لە زەماوەندەکەدا بەشدار نەبوون.
تاهیر قەزایی، بەڕێوەبەری ناحیەی ساراڵ بە میدیا فەرمییەکانی ئێرانی راگەیاندووە، پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوەی گوندی کۆڵ کراوە و دەرکەوتووە هیچ کێشەی نییە. دەشڵێت، بڕیارە ئەنجامی پشکنینەکان رۆژی شەممەی داهاتوو رابگەیێندرێت.
گوندی کۆڵ دەکەوێتە 65 کیلۆمەتری شاری دیواندەرە و بەپێی سەرژمێری ساڵی 2016، گوندەکە 140 ماڵە و 526 دانیشتووی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ