رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی رواندز، کە بەهۆی نەبوونی هۆڵی خوێندنەوە، بەشێک لە وانەکانیان لەنێو کەرەڤانەدا دەخوێنن، داوای بینایەکی نوێی شایستە دەکەن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت ئەو داواکارییە جێبەجێ بکات و ئاشکرای دەکات، 95٪ی قوتابخانەکانی سنوورەکەش پسپۆڕی هونەریان نییە.
مارۆتا گۆرگیس، مامۆستای بەشی شێوەکاری لە پەیمانگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بینای پەیمانگەکەمان زۆر کۆنە و بۆ خوێندن ناشێت."
پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی رواندز لە ساڵی 2010 دامەزراوە و لە دوو بەشی میوزیک و شێوەکاری پێکدێت. ئێستا 70 خوێندکار و نزیکەی 20 مامۆستای هەیە، بەڵام بەهۆی بچووکیی بیناکەوە، سێ پۆلیان لەنێو کەرەڤانەدان.
مارۆتا گۆرگیس گوتی: "ئێمە خوازیارین بینایەکی نوێمان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەشە هونەرییەکانی دیکەی وەک شانۆ و لقە جیاوازەکانی شێوەکاری بکەینەوە."
لە بەرامبەردا، هەکارا هیبۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم دۆخە سەختە داراییەدا ئەستەمە بتوانن باڵەخانەی نوێ بۆ پەیمانگەکە دروست بکەن. روونیشی کردەوە: "دروستکردنی بینایەکی نوێ بۆ پەیمانگەکە، کە لانیکەم پێویستی بە قوتابخانەیەکی 18 پۆلی هەیە، زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری تێدەچێت، ئەمەش لە توانای ئێمەدا نییە."
کێشەی بواری هونەر لە سنووری ئیدارەی سۆران تەنیا پەیمانگەی هونەرەجوانەکان نییە. بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 700 قوتابخانە، تەنیا 41 مامۆستای پسپۆڕی هونەر (هەمیشەیی و گرێبەست) هەن. ئەمەش واتای ئەوەیە نزیکەی 95٪ی قوتابخانەکان لەلایەن مامۆستای پسپۆڕەوە وانەی هونەریان تێدا ناگوترێتەوە.
سەرباری ئەو کێشانە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەوەندەی لە تواناماندا بێت، هاوکاریی پەیمانگەکە دەکەین و گرنگیی پێدەدەین، چونکە ستاف و مامۆستایانی ئەو پەیمانگەیە زۆر بەتوانان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ