رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، رێگە نادەن "بابەتی نامۆ" بەسەر کوردانی ئێزدیدا بسەپێندرێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆیان دووپات دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 21ی نیسانی 2024 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ دیاریکردنی میری ئێزدی لە بەغدا و دەستوەردان لە کاروباری ئێزدییان، جەختی لەوە کردەوە کە "بە هەموو توانای خۆی پاڵپشتی و خوشک و برایانی ئێزدی دەکات و رێگە نادات بابەتی نامۆ بەسەر ئێزدییەکاندا بسەپێندرێت."
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێزدی "بەشێکی ئازیزی گەلی کوردستانن و داواشی کرد کە ئێزدییەکان دەست بگرن بە داب و نەریتی خۆیان و رێگە نەدرێت دەنگی نامۆ و لابەلا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدییان بکەن و زێدی باب و باپیرانیان بەجێ بهێڵن."
لە دیدارەکەدا "شاندی میوان سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەردەم پشتیوانی ئێزدییان بووە و پەرۆشی ئاسوودەیی و یەکڕیزی و تەبایی نێوان ئێزدییەکان بووە."
هەروەها شاندی میوان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە پاڵپشتیکردنی داواکانیان بەردەوام بێت و "رێگری بکات لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بە نیازن پەرتەوازەیی بخەنە ناو ئێزدییەکان."
رۆژی 15ـی نیسان، لە شاری بەغدا سالم نەجمان بەگ کە لە بنەماڵەی میرانی کوردانی ئێزدییە، وەکو میر ناسێنراوە و رێوڕەسمێکی بۆ سازکراوە، ئەم بابەتە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
جەھوەر عەلی بەگ، بریکاری میرى کوردانی ئێزدی لە جیھان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دانانی ھەر کەسێک بە ناوی میر رەتدەکەینەوە، بێجگە لە میر حازم، چونکە کاتی خۆی زۆربەی بنەماڵەکانی میرانی کوردانی ئێزدی لەسەر ئەوە کۆکبوون کە میر حازم بکرێتە میر و نوێنەری بنەماڵەی ئەو کەسەش رازی بووە کە ئێستا خۆی بە میر ناساندووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ