رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 25ی مانگ لە کەرکووک وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات و سبەی لە ئەنجوومەنی پارێزگاش کۆبوونەوەیەک دەکرێت لەبارەی پرۆسەکە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 25ی ئەم مانگە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، سبەی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پارێزگا بە ئامادەبوونی نوێنەری جووتیاران و لایەنە پەیوەندارەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکرێت بۆ روونکردنەوە لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
بە گوتەی عەبدوڵڵا میروەیس، کۆبوونەوەکە فراوانە، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت ئامادە بێت، بۆئەوەی لەبارەی پرۆسەکە روونکردنەوە و بەرچاوڕوونی بدرێتە جووتیاران و لایەنە پەیوەندارەکان.
لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە سەرۆک و نوێنەری هەشت لایەن پێکهێنراوە، مامەڵەی وەرگرتنی گەنمەکە دەبێت واژۆی سەرجەمیانی لەسەر بێت. لایەنەکان بریتین لە: بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، ئاسایش و هەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، فەرماندەیی پۆلیس و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
ساتح کەرکووکی، کە یەکێکە لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، رۆژی 19ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم رێکارە نامۆیە پێشتر نەبووە، پار لە هۆبەی کشتوکاڵ نووسراوێکی پشتگیری بۆ جووتیار دەکرا و بۆ رۆژی دواتر گەنمەکەی رادەست دەکرا، بەڵام ئەم ساڵ میکانیزم و رێکارەکان زۆر سەیر و نامۆن."
ساتح کەرکووکی گوتی، بەبازاڕکردنی گەنم لە کەرکووک پێویستی بە 9 واژۆیە لە بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە جیاوازەکانەوە، ئەم میکانیزمە بۆ جووتیاران زۆر قورسە، داوا دەکەن ئاسانکاری بکرێت و میکانیزمێکی دیکە بدۆزرێتەوە.
لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێکارەکانی پێ باشە و پێشوازیی لێدەکات.
بەڵام عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت، "ئەمە ئاسانکارییە نەک ئاستەنگ، نوێنەرانی سەرجەم ئەو لایەنانە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک کۆدەبنەوە و واژۆ لەسەر نووسراوەکە دەکەن".
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی ناوچەکان دێن و نووسراوەکان دەبەنە لای ئەندامانی لیژنەکە و واژۆی لەسەر دەکەن، بۆ ئەوەی جووتیاران بێ هیچ گرفتێک گەنمەکانیان بگوازنەوە و رادەستی بکەن.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەکە، ساڵانی رابردوو لە بازگەکان کێشە و گرفت بۆ جووتیاران دروست دەکرا، بەڵام ئەمساڵ مۆری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پێوە دەبێت و بەمشێوەیە هیچ گرفتێک بۆ جووتیاران دروست نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ