رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، 9 بازگەی ئەمنی کە لەلایەن پۆلیس و سوپای عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن، بوونەتە "گرفتێکی گەورە" بۆ شوفێرانی بارهەڵگر و جوتیاران. رێکارە تووندەکان و وەستانی درێژخایەن، هاتوچۆ و کاری رۆژانەی خەڵکی قورستر کردووە، لە کاتێکدا بەڵێنەکانی ئیدارەی کەرکووک بۆ کەمکردنەوەی بازگەکان تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
دیمەنی قەرەباڵخیی بارهەڵگرەکان و وەستانیان بۆ ماوەی چەندین کاژێر، لەبەردەم بازگەکانی سنووری کەرکووک بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. شوفێران دەڵێن، جگە لە ماندووبوون و بەفیڕۆدانی کات، هەندێک جار ناچار دەکرێن پارەش بدەن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت.
شەماڵ ئەحمەد، یەکێک لە شوفێرەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند جارێک لێرە چوار کاژێر وەستاوم، تەنیا لەبەر ئەوەی ئامێری سۆنەر داخراوە. دواخستنێکی وا زۆر ماندوومان دەکات. ئەگەر کاڵای وەبەرهێنراوت پێ بێت، تێپەڕبوونت مەحاڵە."
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد کەریم، شوفێرێکی دیکەی بارهەڵگرە و دەڵێت: "بەبێ هیچ هۆکارێک خەڵک رادەگرن. ئێمە بە رێکاری فەرمی بارمان کردووە، کەچی رێگە نادەن بچینە ناو شارەوە تاوەکو پارە نەدەین. جگە لەوەش سێ بۆ چوار کاژێر دەبێت بوەستین. جاری وا هەیە نۆرەی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە قەرەهەنجیر کە نزیکەی پێنج بۆ شەش کیلۆمەتر دوورە."
عیماد عەزەددین، شوفێرێکی دیکەیە و گلەیی لەوە دەکات کە ناچارن پارە بدەن و دەڵێت: "وەزعمان زۆر خراپە. لێرە پێنج هەزار و لە تازەخورماتوو پێنج و لە قەرەساڵح پێنج هەزار دینار دەدەین. واتا ئێمە بۆ حکومەت ئیش دەکەین."
گرفتەکان تەنیا شوفێرانی بارهەڵگری نەگرتووەتەوە، بەڵکو جوتیارانیش بەهۆی دانانی بەشێک لە بازگەکان لەنێوان گوندەکاندا رووبەڕووی "کێشەی گەورە" بوونەتەوە و کارئاسانییان بۆ ناکرێت.
هەندێک لە شوفێرەکان بێ هیوا بوون لە چارەسەرکردنی دۆخەکە. عەبدولخالق ئەحمەد دەڵێت: "هەرچۆنێک بێت و لە هەر بازگەیەک راتبگرن، کاژێرێکی پێدەچێت. ئەم دۆخە چاک نابێت و ئێمەش لەسەری راهاتووین."
سێ مانگ لەمەوبەر، ئیدارەی کەرکووک بڕیاری دابوو ژمارەی بازگەکان بۆ سێ بازگەی سەرەکی کەم بکاتەوە، بەڵام وەک پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی پێدەدات، بەغدا بەو رێکارە رازی نەبووە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بە پلانی کەمکردنەوەی بازگەکان بە رووداوی گوت: "بازگەی سلێمانی لە شوێنی خۆی نامێنێت، بازگەی کەڵهوڕ نامێنێت و تێکەڵ بە بازگەی پردێ دەکرێت. لەگەڵ کۆمەڵێک بازگەی دیکە کراون بە پڕۆژە، بەڵام چاوەڕێی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا دەکەین. ئەگەر ئەوان ئەنجامی نەدەن، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک ئەنجامی دەدەین."
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری کەرکووک دوو سۆنار، چوار قەپان و 9 بازگەی سەرەکی هەن، جگە لەو بازگە کاتییانەی کە لەناکاو دادەنرێن. ئەم دۆخە ئاستەنگی گەورەی بۆ هاتوچۆ، بازرگانی و کاری رۆژانەی هاووڵاتییان دروستکردووە و چارەسەرەکان هێشتا لەسەر کاغەزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ