رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەن لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران ببارێت.
ئەمڕۆ شەممە 21-8-2021، ئەژی چەتۆ، گوتەبێژی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسمانی باکووری هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و نیمچە هەور لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران و برووسکە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەولێر و دهۆک.
بە گوتەی ئەژی چەتۆ، ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما لە نزیک 40 پلەدا جێگیردەبن. گوتیشی، گەرما وەک خۆی دەمێنێتەوە و شەوان هەست بە دابەزینی پلەکانی گەرما دەکرێت و بەرەو فێنکی دەڕوات.
گوتەبێژی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانیان نزمترە و لە 38 پلە بۆ خوارەیەوە بە جۆرێک نزمترین پلە تۆمار کرابێت حاجی ئۆمەرانە کە 30 پلەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان 37 وێستگەی هەیە و رۆژانە دۆخی کەشوهەوا بۆ داتا سەنتەر دەگوازێتەوە و لەو رێگەیەوە زانیارییەکان دەربارەی کەشوهەوا دەگوازنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ