رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری حیزبی شیوعی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، "کار دەکەین بۆ ئەوەی میکانزمێکی گونجاو بە رەزامەندیی هەموو لایەنەکان بدۆزرێتەوە بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی".
بە مەبەستی دانانی "بەرنامەی رادەی نزم" بۆ دۆزینەوەی میکانزمێک کە زەمینە بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی کوردستانی ساز بکرێت و هەڵوێستێکی کوردستانی یەکگرتوو دروست ببێت، شاندی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 21-08-2022، شاندی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان (حیزبی شیوعی کوردستان، بزووتنەوەی دیموكراسی گەلی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی کوردستان) بە سەرۆکایەتیی د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی، سەردانی نووسینگەی تایبەتی عیرفان عەلی عەبدولعزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامییان لە شاری سلێمانی کرد.
دوای کۆبوونەوەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، عیرفان عەلی عەبدولعزیز رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و رایگەیاند: "کۆمەڵێک قسەی باش کرا، باسی ئەوە کرا کە ئایا رەوتی چەپ و ئیسلامی چ هاوبەشییەکیان لەنێواندا هەیە و دەتوانن بە یەکەوە کار بکەن؟ یان لەو دۆخەی لە کوردستاندا هەیە دەتوانن هاوڕابن لەسەر کۆمەڵێک پرس".
دواتر کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان و سەرۆکی شاندی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئامانجی سەردانەکەیانی رایگەیاند و گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو نەخشەیەی کە لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان هەیەتی، سەبارەت بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسی چ لە کوردستان و چ لە عێراق و تەواوی ناوچەکە و کارتێکی دۆخی هەرێمایەتی یاداشتێکی کراوەمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کردووە. بەشێک لەو بۆچوونانە بە باشمان زانی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بکەین".
کاوە مەحموود لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند: "پێمانوایە ئەو رەوشە سیاسییە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ هەیە، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە دەکرێت لە هەلومەرجی ئێستا بیر لە بەرنامەی راددەی نزم بکەینەوە، بۆ دانانی بەرنامەی راددەی نزم دەکرێت میکانزمێک هەبێت، بەپێی ئەو میکانزمە کاربکرێت زەمینە بۆ دیالۆگێکی نیشتمانیی کوردستانی ساز بکرێت، بتوانرێت هەڵوێستێکی کوردستانی یەکگرتوو هەبێت. پێوەرە سەرەکییەکانیشی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان بێت. هەروەها دابینکردنی ژیانێکی پڕکەرامەت بۆ خەڵکی لە هەموو بوارەکانی ژیان بە تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە دزێوانەی کە هەیە لە بواری بێکاری، هەژاری و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە حکومڕانییەوە هەیە لە کوردستان".
هەر لەبارەی ئامانجی سەردانەکانیان بۆلای لایەنە سیاسییەکان، کاوە مەحموود دەڵێت: "خوێندنەوەی ئەو پێشهاتە نوێیانەیە کە بەرە بەرە گۆ دەکات و گەڵاڵە دەبێت لە رەوشی سیاسیی عێراق. بە تایبەتی باسی نەهێشتنی دەستوور و یان گۆڕینی دەستوور دەکرێت، باسی شۆڕشێکی سەدری ئیسلامی موحەرم و عاشورا دەکرێت، باسی ئەوە دەکرێت کە سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە دەگوازێتەوە بۆ سەرۆکایەتی، باسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت. تێکڕای ئەو بابەتانە پێموایە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە لە رەوشی سیاسیی عێراق. ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە کیانی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە، ئەمە وادەکات دەبێت لایەنە کوردستانییەکان بەرنامەیەکی نیشتمانیی کوردستانییان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی کوردستانیش، کاوە مەحموود پێیوابوو "دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی حیزبەکاندایە، لە خزمەتی گەلی کوردستاندا نییە. هەڵبژاردن دەبێت بەپێی یاسا و دامەزراوەکان بکرێت، ناشکرێت هەر لە دوای هەڵبژاردن بیر لە گۆڕینی یاساکە بکەی بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەن و ئەو لایەن. بۆیە پێموایە کەلێنێکی گەورەیە هەڵبژاردن دواکەوتووە، دەبێت هەوڵی ئەوەبدرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت. ناکرێت سیستەمێکیش بێتە کایەوە ئەو دوو زۆنی و فرە زۆنە زیاتر بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ