رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی دەرکراوە و بە هەموو بازگە و هێزەئەمنیەکانی سلێمانی دراوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری دەرکردنی فەرمانەکە دیار نییە.
سەرچاوەیەک لە نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگییەوە رایگەیاند: "سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگە بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی سیناریۆییەک دروست بکات هاوشێوەی سیناریۆکانی پێشوویی تا لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، فەرمانی دەستگیکردنەکە بە هەموو بازگەکان دراوە. بە گوتەی سەرچاوەیەک، "ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، نیازی دەرچوونیان لە سلێمانی هەبووە، بۆیە هێزە ئەمنییەکان بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەی فەرمانی دادگە جێبەجێ بکەن."
هاوکات، ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند: "هەوڵێک هەبووە بۆ پەلاماردانی دەباشان و تێکدانی دۆخی ئەمنیی سلێمانی. لە دوو سێ رۆژی رابردوو کۆمەڵێک پلان دانرا بۆ ئەوەی رێگری لێبکرێت. دوێنێ کۆمەڵێک هێلیکۆپتەری سەربازی بەسەر دەباشان دا دەسووڕانەوە. کۆمەڵێک کۆبوونەوە و پلانی سەربازی لە دەباشان هەبوو بۆ پاراستنی ئەمنییەتی دەباشان. هەر لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی لە رێگەی یاساوە فەرمانی دەستگیکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەربکرێت. لەگەڵیشیدا، رێکخەران و کەسانی یەکەمی هەڵسووڕێنەری ئەو گرووپەی پێی دەگوترا گرووپی 'هێزی دووپشک؛ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: ئاگاداری فەرمانی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی نیم.
بەگوێرەی چەند گرتەڤیدیۆیەک کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، بازگەی سلێمانی-عەربەت بەتەواوی جوڵەی تێدا وەستاوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە بازگەی کەڵەوانان لە سەر رێگەی سلێمانی - دووکان بە هەمان شێوە هێزێکی ئەمنیی زۆر بڵاوەی پێکراوە.
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی حیزبی بەرەی گەلە. پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
بەرەی گەل پار بۆ یەکەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد، کە لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو و دوو کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ