رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینیی داهاتوو، 2022.9.23 كاژێر 04:03ی بەرەبەیان بە كاتی هەولێر، ماوەی شەو و رۆژ لە نیوەگۆی باكووری زەوی بە تەواوی یەكسان دەبێت، (12 كاژێر رۆژ و 12 كاژێر شەو)، بەمەش لەڕووی فەلەكییەوە 23ی ئەیلوول دەبێتە یەكەم رۆژ و دەستپێكی وەرزی پاییز.
لە نیوەگۆی باكووری زەوی كە بە (هاوسەنگبوونی پاییزی Autumnal Equinox ) ناسراوە، بە پێچەوانەوە و لە هەمان رۆژدا، دەبێتە یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) لە نیوەگۆی باشووری زەوی كە بە (هاوسەنگبوونی بەهاریی Vernal Equinox ) ناسراوە و تێیدا خۆر رێك لە رۆژهەڵات هەڵدێت و لە رۆژئاوا ئاوادەبێت.
هۆكاری ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بە 23.4392811°پلە بەرامبەر بە خولگەكەی بە دەوری خۆردا، بۆیە تیشكی خۆر هەڵبەز و دابەز دەكات لەنێوان هەردوو خولگەی (قڕژاڵ – Tropic of Cancer) لە نیوەگۆی باكوور و خولگەی (گیسك - Tropic of Capricorn) لە نیوەگۆی باشوور، بەمەش گۆڕانكاریی رێكوپێكی دووبارەبووەوە لە ئاست و رێژە و ماوەی بەركەوتنی تیشكی خۆر لەسەر زەوی روودەدات كە هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرما لەسەر رووی زەوی.
لەو رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزار و 23 كیلۆمەتر كە بە (نێوەندی دووری) دەناسرێت و بەردەوامیش لە خۆر نزیكتر دەكەوێتەوە، بۆیە لە پێنجشەممە 2022.12.22 كە بە رۆژی (هەڵگەڕانەوەی زستانە Winter Solstice ) دەناسرێت، لە نیوەگۆی باكووری زەوی، ئەوكاتە هەسارەی زەوی دەگاتە نزیكترین خاڵ لە خۆر و ماوەی نێوانیان دەگاتە 147 ملیۆن و 95 هەزار كیلۆمەتر، كەچی لە هەمان رۆژدا (هەڵگەڕانەوەی هاوینە)یە بۆ نیوەگۆی باشووری زەوی و بێگومان هۆكاری ئەم دوو گۆڕانكارییە پێچەوانەیە لە هەمان رۆژدا، دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لە خولگەكەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ