رووداو دیجیتاڵ
هەردوو ئاراستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان داواکارییەکەی بەرەی گەل بۆ دەنگدان بە لیستەکەیان رەتدەکەنەوە، ئاراستەی کوردسات دەڵێت: ''چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسین و ئاڕاستەی گردی زەرگەتەش دەڵێت: "بەشداری دەنگدان ناکەین و دەنگیش نادەین.''
کاردۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر- ئاراستەی کوردسات رۆژی سێشەممە 21-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بەرەی گەل بە فەرمی هیچ داوایەکی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان نەکردووە، تەنیا راگەیێندراوێکی هەبووە."
ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید سەرۆکایەتی دەکرێت، راپرسییەکی نێوخۆیی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردن کردووە، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئەنجامەکەی لە کۆبوونەوەی جڤاتی ئاراستەکە بخرێتەروو.
کاردۆ محەممەد دەڵێ: "ئەنجامی راپرسیەکە هەر چۆنێک بێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردن دەکەن، هەڵوێستەکەشیان بۆ رایگشتی بڵاو دەکەنەوە.''
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازدا دابەشبووە، بەهۆی ئەو دابەشبوونەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رێگەی نەدا بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکات، چونکە مەرجی بەشداری لە هەڵبژاردن بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەوەیە حیزبەکان کۆنگرە بکەن و ماوەی کۆنگرەیان بەسەرنەچووبێ، گۆڕان نەیتوانی کۆنگرە بکات و بەشداریشی لە هەڵبژاردن رەتکرایەوە .
کارزان گەردی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان - ئاڕاستەی گردی زەرگەتە رۆژی سێشەممە 21-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەی گەلەکەمان" هیچ داوایەکی فەرمی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان نەکردووە تاوەکو پشتیوانیان بکەین، ئەو راگەیێندراوە ئاراستەی دەنگدەرانمان کراوە و گرنگ نییە لەلامان".
ئاراستەی گردی زەگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان بە میراتگری سیاسی نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە دەناسێنن، کارزان گەردی دەڵێ: "ئاگادارین زۆر لایەن ناوی کاک نەوشیروان مستەفا بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک لە هەڵبژاردندا بەکاردەهێنن، بەڵام ئێمە هیچ بەشدارییەکمان لەم هەڵبژاردنەدا نابێت".
ئەو دەڵێ: "بایکۆت جۆرێکە لە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆیە هەڵوێستەکەیان بەشدارینەکردنە نەوەکو بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن."
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەرەی گەل کە لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی 'بەرەی گەلەکەمان' بەشدارە لە راگەیێنراوێکدا رووی لە دەنگدەرانی گۆڕان کرد و داوای کرد دەنگ بە لیستەکەی ئەوان بدەن .
بەرەکە دۆخی ئێستای خۆی و پێشووی بزووتنەوەی گۆڕانی هاوشێوەی یەک پێناسە کردووە و رایگەیاندووە: "بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە قوربانی خەڵکانی هەلپەرست و خیانەتکار، ئێمهش لهبهرهی گهل و لهبهردهم خیانهتی ههلپهرستهكان وهستاوین."
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
لیستی بەرەی گەل لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکردایەتیی لاهوور شێخ جەنگی بەشداری هەڵبژاردنی کرد و توانی دوو کورسی بەدەستبهێنێت.
لیستەکە لەم هەڵبژاردنەدا بەناوی "بەرەی گەلەکەمان" بەشداری کردووە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک 25 بەربژێری هەن، زۆرترین بەربژێریشی لە پارێزگای سلێمانییە، کە 11 بەربژێرن.
لیستی "بەرەی گەلەکەمان" هیچ پۆستەر و فلێکسی هەڵنەواسیوە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کێشەی دارایییان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ