هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر چین؟

21-11-2023
شیراز رەئوف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕێکی هایدرۆلۆجی شارەکان کە تێزی دکتۆراکەی تایبەتە بە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر دەڵێت، بەپێی پێوانە ژینگەییەکان، شەپۆلەکانی بارانبارین لە هەولێر بەردەوام لە شەپۆلە ئاست بەرزەکاندان و ئەو بارانەی لە هەولێر لە کاتێکی کەمدا دەبارێت لە هەر شارێکی دیکەش ببارێت لافاو دروستدەکات، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەن کە دەشێ رۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی ئەستی لافاو نەک بنەبڕکردنی.
 
د. ئەندام موحسین مستەفا، دکتۆرا لە ئەندازیاری شارستانی و ژینگە، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "توێژینەوەمان کردووە لەبارەی دروستبوونی لافاو لە هەولێر لە 25 ساڵی رابردوودا و هەموو ساڵێک ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر ئەگەرێکی بەهێزە."
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی هایدرۆلۆجیی شارەکان کە ئەم ساڵ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی تەکنەلۆژیی گدانسک لە باکووری پۆڵەندا پێبەخشرا و تێزی دکتۆراکەی کە تایبەت بوو بە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر و بە پلەی نایاب وەرگیرا، باس لەوە دەکات، چەند هۆکارێکی ژینگەیی و بونیادی هەن بۆ بەردەوام دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر و دەڵێت: "لە هەولێر ئەگەر هەیە لەماوەی 24 کاژێردا 103 ملم باران ببارێت، کە بەپێی پێوانەکان ئەو رێژەیە بە بارانی بەخوڕ دادەنرێت و لە ئاستە بەرزەکانی داباریندایە لە ماوەیەکی کەمدا."
 
گوتیشی، ئەگەر رێژەکە لەوە بەرزتر بێت ئەوا سنووری لێزمەباران تێدەپەڕێنێت و لە پێوانە زانستییەکاندا بە بارانی وێرانکەر دادەنرێت.
 
بە گوتەی د. ئەندام موحسین، بەپێی پێوانەکان لە هەولێر لێزمەباران زیاترە لە بارانی نزم و مامناوەند و لەبارەی فاکتەرە ژینگەییەکانیشەوە گوتی، گۆڕانکارییەکی زۆر لە رووپۆشی خاکی هەولێردا روویداوە کە ئەوە پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئێستا هەڵمژینی ئاو لە خاکی هەولێردا کەمبووەتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هۆکارە بونیادییەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر ئەو ئەندازیارەی شارستانی و ژینگە دەڵێت: ژێرخانی هەولێر هاوتەریب نییە لەگەڵ فراوانبوونی شارەکە و ناوچە بونیادنراوە نوێیەکانی هەولێر کاریگەریی زۆریان هەیە بۆ دروستبوونی لافاو، چونکە لە سەتان ساڵی رابردوودا سەتان رێڕەوی ئاوی سرووشتی هەبوون لە دەشتی هەولێردا کە بەژێر شارەکەدا تێۆەڕیون تەنانەت بەژێر قەڵای هەولێریشدا، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شارەکە بەشێک لەو رێڕەوە سروشتییانە تێکچوون و ئێستا کە ئەو رێڕەوانە ئاو دەهێننە شارەکە دەرچەی دەرچوونیان نەماوە و پەنگدەخۆنەوە.
 
"دابەشنەکردنی سەوزایی بە رێژەیەکی هاوسەنگ لە هەولێر کاریگەریی هەیە لەسەر کۆبوونەوەی ئاو لە چەند ناوچەیەک" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی د. ئەندام موحسین و نموونەی بەوە هێنایەوە کە جگە لە هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو گەڕەکانەی نزیک پارکی سامی عەبدولرەحمان کەمترین ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە بەراورد بەو گەڕەکانەی سەوزاییان کەمە، چونکە بە سرووشتی خۆی سەوزایی رێگری لە لافاو دەکات و توانای خاک بۆ هەڵمژینی ئاو زیاتر دەکات.
 
ئەندام موحسین مستەفا ئەندازیارە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و زیاتر لە 10 ساڵە کار و توێژینەوە لە بواری لافاودا دەکات؛ نامەی دکتۆراکەی بە ناونیشانی "ناسینەوە و هەڵسەنگاندنی مەترسیی لافاوی شارەکان بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی جیۆفەزایی و مۆدێلکردنی هایدرۆداینامیکی؛ توێژینەوە لە کەیسی شاری هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق"  و دەڵێت: لە ساڵانی 30ـەکانی سەدەی رابردووەوە هەولێر گرفتی لافاوی هەبووە و تۆمارکراوە، لە 10 ساڵی رابردووش لافاو لە هەولێر زیاد بووە و هۆکارێکی سەرەکی فراوانبوونی شارەکە و گۆڕانی رووپۆشی خاکەکەیەتی."
 
لە ساڵی 2018 لافاو لە هەولێر دروستبوو و بەهۆیەوە منداڵێک خنکا. لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 و سەرەتای ساڵی 2022ش لافاوی بەهێز هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 11 کەس خنکان، جگە لەوەی زیان بە سەتان ماڵ و هەزاران ئۆتۆمبێل کەوت.
 
لە 24 کاژێری رابردووشدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، ئاو چووەتە هەندێک ماڵ و بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، راستەوخۆ تیممیان ناردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
 
هاوکات رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، ئازاد جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی مەلا قەرەی سەر بە قەزای مەخموور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی بارینی بارانێکی بەخوڕی زۆرەوە گەنجێکی گوندی شێخەڵاس کە شوان بووە ئاو بردوویەتی، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا".
 
لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023ـەوە بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 20-11-2023 کاریگەرییەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاتر بوو؛ بەو هۆیەوە ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن بەرزبووەوە.
 
بەشی کەشناسیی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری بڵاوکردەوە و ئامارەکە بەجۆرێکە لە هەولێر؛ لەماوەی 24 کاژێردا  63.9 ملم باران باریوە و بەوەش کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەولێر گەیشتە 129 ملم.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە