نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان رێکنەخراوەتەوە و دەرمانخانەکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەکەن

23-01-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
ژمارەیەک دەرمان لەنێو دەرمانخانەیەکی هەولێر. وێنە: رووداو
ژمارەیەک دەرمان لەنێو دەرمانخانەیەکی هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

نرخی دەرمان، ئەو بابەتەی سێ دەیەیە لە هەرێمی کوردستان نەتواندراوە بە تەواوی یەکبخرێت. بەشێک لە دەرمانەکان لە دەرمانخانەیەک بۆ دەرمانخانەیەکی دیکە نرخەکانیان جیاوازە، ئەوەش بەهۆی یەکنەخستنەوەی نرخەوەیە.
 
پەیامنێری رووداو دەرمانێکی بردە چوار دەرمانخانەی هەولێر، کە دەرمانەکە پزیشک بۆ کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن بۆ نەخۆشی دەنووسێت، بۆی دەرکەوت لە هەر دەرمانخانەیەک نرخێکی جیاوازی هەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان هەر دەرمانخانەیەک بە ئارەزووی خۆی نرخی دەرمان دیاری دەکات. دکتۆر ئیبراهیم خەلیل، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت، "نرخ لە دەرمانخانەیەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازیی هەیە، من خۆم جارێک بەدواداچوونم بۆ نرخی دەرمانێک کرد و چەند دەرمانخانەم کرد، دەرمانەکە لە هەر دەرمانخانەیەک نرخێک بوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستم."
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان نرخی 12 هەزار دەرمانیان یەکخستووە. ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 118 دەرمانخانە داخراون و سزادراون، کە نیوەیان لەسەر نرخ بوون.
 
دوو مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دانانی ستیکەرێکی نوێیە بۆ دەرمان، کە بارکۆدێکی لەسەرە و کۆی زانیارییەکانی دەرمانەکەی لەسەر نووسراوە، بۆیە ئێستا هەر کۆمپانیایەک کە دەرمان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، بەبێ دیاریکردنی نرخەکەی مۆڵەتی فرۆشتنی پێنادرێت.
 
دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ لە کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ئاماژە بەوە دەکات، "لە گۆڕانکارییەکان سیستمی نوێی نرخەکە، قۆناخی یەکەمی دیاریکردنی نرخە، نرخەکان هەمووی دەبەسترێنەوە بە سیستمێکی داتابەیس، کە کۆمپانیاکانی دەرمان، کۆگاکان و دەرمانخانەکان لەناو سیستمەکە ناویان دەبێت و تۆمار دەبن، بۆئەوەی گۆڕانکاری لە نرخەکان روونەدات، هەروەها نەخۆشیش خۆی چاودێر بێت و چاوکراوەتر بێت."
 
ئەو دەرمانانەی ستیکەرە نوێیەکەی دەرمانیان لێدراوە بارکۆدێکی لەسەرە، نەخۆش یان کەسوکاری نەخۆش یاخود هەر کەسێک دەتوانێت زانیاری وەربگرێت، بە جۆرێک ئەگەر کامێرەی مۆبایلەکەی بخاتە سەر بارکۆدەکە، لینکێک دەردەچێت و دەتوانێت لینکەکە بکاتەوە و نرخ و کۆی زانیارییەکانی دەرمانەکەی تێدایە.
 
پرۆسەی لێدانی ستیکەرە نوێیەکەی دەرمان لە 01-11-2022 دەستی پێکردووە. دکتۆرە سیلڤانە غولام، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت، "لەم کاتەدا ستیکەرە نوێیەکە لەسەر هەموو دەرمانێک نییە، ئێمە ئومێد دەخوازین وەزارەتی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵ وا بکەن ستیکەرە نوێیەکە لە دەرمانی هەموو کۆمپانیاکان بدرێت، ئەوە لە بەرژەوەندیی دەرمانخانەکان و نەخۆشە."
 
پێشتر لە نزیکەی 700 کارگەی دونیاوە دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان هێندراوە، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کام وڵات و کارگە باشترن، بەڵام ئێستا وەزارەتی تەندروستی و کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان رێگە دەدەن تەنیا لە 35 وڵاتەوە دەرمان بهێندرێتە هەرێمی کوردستان، کە لە لیستی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باوەڕپێکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکێتێک لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی بازرگانی: خۆراکی شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە و رێگە نادەین بازاڕ قۆرخ بکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهۆی جەنگەوە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک دروست نابێت و رایدەگەیێنێت، خۆراکی پێویست بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە.