قوتابخانەیەکی قامشلۆ بووەتە پەناگە بۆ هەزاران خێزان؛ تائێستا 134 هەزار کەس ئاوارە بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
غەریب مەجید
قوتابخانەیەکی لە قامشلۆ بووەتە پەناگەی هەزاران خێزانی ئاوارە
قوتابخانەیەکی لە قامشلۆ بووەتە پەناگەی هەزاران خێزانی ئاوارە
نیشانەکردن رووداو لە رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەکاتێکدا رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) رایدەگەیەنێت کە ژمارەی ئاوارەکانی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان 134 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کامێرای رووداو دەچێتە قوتابخانەیەک لە شاری قامشلۆ کە بووەتە پەناگەی هەزاران خێزانی ئاوارە. لەوێ باپیرەیەکی عەفرینی بە رووداو دەڵێت: "ئەگەر مردم، لێرە نەمهێڵنەوە و بمبەنەوە بۆ سەر خاکی خۆمان."
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی پێنجشەممە 22-01-2026 بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگەی حەسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
 
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری قامشلۆی کرد کە ئێستا پڕبووە لە خێزانی ئاوارە. لەوێ دیمەنی دایکانێک دەبینرێت کە بەدیار منداڵە ساواکانیانەوە دەگریێن و فرمێسکی بێدەسەڵاتی دەڕێژن.
 
"خەون بە گەڕانەوە دەبینێت"
 
خەلیل بلۆ، پیاوێکی تەمەن 85 ساڵە و خەڵکی ناحیەی بلبلێی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو لە تەنیشت سۆپایەکی نەوت دانیشتووە و جامانەکەی لە ملی ئاڵاندووە؛ بە هەردوو دەست لە خودا دەپاڕێتەوە و دەڵێت: "خوا حەقی ئێمەیان لێ بسەنێت. خوا حەقمان بکاتەوە."
 
خەلیل بلۆ بە رووداوی گوت: "ئێمە چوار پێنج جار ئاوارە بووین؛ سەرەتا چووینە رەققە، دواتر تەبقە و ئینجا هاتینە شارێکی نزیک ئێرە."
 
کاتێک پرسیاری لێ دەکرێت بیری چی دەکات، بە هەنسکەوە دەڵێت: "خاکی ئەو ناوچەیە ماچ دەکەم. هەمیشە بەم منداڵانە دەڵێم؛ ئەگەر مردم، با بمبەنەوە بۆ ئەو ناوچەیە. من هەمیشە وا دەڵێم. بەردەوام بەم منداڵانە دەڵێم، کە مردم، لێرە نەمهێڵنەوە. ئێوە نابێت من لێرە بهێڵنەوە؛ دەبمەنەوە بۆ سەر خاکی خۆمان." 
 
ئاوارەیی لە چلەی زستاندا
 
رووکەن حەمید، دایکێکە کە لەگەڵ دوو کچیدا لە ژوورێکی گەورەی قوتابخانەکەدا نیشتەجێیە، تەنیا چەند دۆشەک و بەتانییەکیان هەیە و زۆربەی زەویی ژوورەکە بە ساردی ماوەتەوە.
 
رووکەن باسی چیرۆکی حەوت ساڵەی ئاوارەیی خۆیان دەکات و دەڵێت: "حەوت ساڵ لە تلرەفعەت ماینەوە، گوتمان دەگەڕێینەوە عەفرینەکەمان، بەڵام دوژمن هات و ئێمە بۆ ئەملا هاتین."
 
ئەو ژنە ئاوارەیە بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گوتی: "دوژمن چی لە ئێمە دەوێت؟ هیچ وڵاتێک پشتیوانیمان ناکات. منداڵەکانمان هەموویان برسین. کاکە ئێمە هیچمان ناوێت! تەنیا دەمانەوێت بگەڕێینەوە زێدی خۆمان! با ئێمەش بزانین کە خاکمان هەیە."
 
هاوکات نەسرین بەکر، ژنێکی دیکەی عەفرینییە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو جارێک ئاوارەییان دەکەوێتە چلەی زستان. نەسرین دەڵێت: "سەرما و سۆڵە دەبینین، تەنانەت لێرە دوو شەو باران لێیداین. چەندە لە خوداش دەپاڕێینەوە، نزاکانمان هەمووی دەبن بە نەفرەت و بەسەرماندا دەبارێنەوە." ئەو لە بێهیواییدا دەڵێت: "قوربانی خوا بم. خواش رووی لێ وەرگێڕاوین."
 
ئامارەکان چی دەڵێن؟
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگەی حەسەکە لە 5,725 کەسەوە لە رۆژی یەکشەممەوە بۆ نزیکەی 134,803 کەس بەرزبووەتەوە.
 
رێکخراوەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "ترس لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەت، بەتایبەتی لەلایەن ئەو کەسانەی لە نزیک گرتووخانەکان و بارەگا سەربازییەکانی هەسەدە دەژین، بووەتە هۆی ئەو شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەیی."
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە 1,647 کەسی دیکەش لە کۆبانێ ئاوارە بوون و دانیشتووانی ئەوێش باس لە نەبوونی خۆراک، ئاو و کارەبا دەکەن.
 
هاوکارییە مرۆییەکان
 
زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزانی کورد لە حەلەب و گوندەواری حەسەکە و ناوچە جیاجیاکانی دیکەوە روویان لە قامشلۆ کردووە. لەم دۆخە سەختەدا، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان بە دابەشکردنی خواردن، ئاو و پێداویستییەکانی زستان کردووە بەسەر ئەوانەی پەنایان بردووەتە بەر قوتابخانە و مزگەوتەکان.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش جەخت دەکاتەوە کە زیاتر لە 41 هەزار کەس لە پەناگە بەکۆمەڵەکانی حەسەکەدان و "پێویستییەکی بەپەلەیان بە خۆراک و کەلوپەلی سەرەتایی وەک دۆشەک و بەتانی هەیە."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیت سێڵف  و  تڕۆی نێڵز قسە بۆ دیار کوردە دەکەن.

دوو کۆنگرێسمان بۆ رووداو: پێویستە واشنتن لە پاراستنی کورد بەردەوام بێت

دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پێشهاتەکانی سووریا و هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هەسەدە و کەمینەکان دەربڕی. کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند بێت بە پشتیوانیکردن و پاراستنی کورد.