رووداو دیجیتاڵ
نزا و پاڕانەوە، تەنیا هیوایەکە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە قورس و پڕ زەحمەتەی کە ساڵانێکە بەرۆکی گرتوون. لە قامشلۆ، ماڵی خودا بووەتە پەناگەی ئەو خێزانانەی شەڕ لە ماڵ و حاڵی خۆیانی ئاوارە کردوون. ئەوان خەڵکی عەفرین، کۆبانێ، سەرێ کانی و حەسەکەن؛ لێرە لە قوژبنێکی مزگەوتەکاندا، چیرۆکی تاڵی ئاوارەیی دەگێڕنەوە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرین بە رووداوی گوت: "ئێمە چووین بۆ هەر شوێنێک، کەس بە دەممانەوە نەهات. ئێمە لە ناوچەی عەفرینەوە دەرکراوین. هاتین بۆ رۆژهەڵاتی فوڕات، دیسان کەس بە دەنگمانەوە نەهات. ئێمە ئێستا لە کوێین؟ لە هیچ شوێنێک نین، لە ناو ئەم مزگەوتەداین و هەر خێزانێک تەنیا 2 بۆ 3 مەتر شوێنی هەیە... تەنیا دەمانەوێت بگەڕێینەوە."
شیرین، یەکێکی دیکەیە لە ئاوارەکانی سەرێ کانی، ئەو خەون بەو رۆژەوە دەبینێت کە جارێکی دیکە لەسەر خاکی خۆی و لە ناو ماڵەکەی خۆیدا سەربنێتەوە.
شیرین دەڵێت، "من دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم لە سەرێ کانی. هیچ شتێکی ترم ناوێت، تەنیا گەڕانەوە. لێرە خەریکە لە ناڕەحەتی دا دەمرین. حەوت ساڵە بێزار بووین لەم ژیانە. ئیتر بەسە، خودا بۆ کوردیش هەیە."
لە ناو شاری قامشلۆ، 77 ناوەند بۆ حەوانەوەی ئەو ئاوارە و خێزانانە تەرخان کراون کە لە ناوچەکانی نزیک لە بەرەی شەڕ هەڵاتوون. تیمە مرۆییەکان رۆژانە هاوکارییان بۆ دەهێنن، بەڵام سەرمای زستان و کەمیی جێگە، ژیانی لێ تاڵ کردوون. ئاوارەکان نەک هەر لە سەختی ژیان، بەڵکو لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانن.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی حەسەکە دەڵێت، "ئەم دەوڵەتانە تەنیا بە ناو موسڵمانن، بەڵکو بە ناوی ئیسلامەوە خەریکی قڕکردنی کوردن. منداڵ و پیر و پەککەوتە دەکوژن. هەموو ئەمانە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین؟ نابێت دەستی کورد بە تاڵی بمێنێتەوە."
چوار رۆژە بێ کارەبان و سەرمایەکی سەخت جەستەی منداڵەکانیانی تەزاندووە. لەبەر ناخۆشی دۆخەکەیان، زۆربەیان ئامادە نین لەبەردەم کامێراکان دەربکەون. بەڵام ژیڤارا، ئەو خاتوونە ورەبەرزەی عەفرین، بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ئاسۆ و دەڵێت: "چاوی کوردستان خۆش بێت، ئەم سەختییەش هەر دەرباز دەبێت."
لە زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە دوای کاژێر 7ی ئێوارەوە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، بەڵام لێرە لە قامشلۆ دۆخەکە تاڕادەیەک ئارامترە. خەڵکەکە ماندوون لە شەڕ و چاوەڕوانی رۆژانێکن کە ئاشتی و سەقامگیری تێدا بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ