دۆخی حەسەکە؛ قوتابخانەکان بوونەتە پەناگەی ئاوارەکان و رۆژانەش خەڵک نۆرەی درێژ بۆ نان دەگرن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
دۆخی ژیانی هاونیشتمانییان لە حەسەکە
دۆخی ژیانی هاونیشتمانییان لە حەسەکە
نیشانەکردن رووداو لە رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بری دەنگی زەنگی قوتابخانە و قاڵەقاڵی منداڵان، ئێستا تەنیا دەنگی هەناسە ساردەکانی عەبدولغەنی و منداڵەکانی لە نێو ئەم چوار دیوارەدا دەبیسترێت. ئێرە پۆلێکی خوێندنە لە شاری حەسەکە، بەڵام حەوت ساڵە گۆڕدراوە بۆ "ماڵ"؛ ماڵێک کە تەنیا ناوی ماڵە و ئازارەکانی ئاوارەیی تێدا کۆبووەتەوە.
 
عەبدولغەنی ئیسماعیل، کە ساڵی 2019 بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە سەرێ کانییەوە ئاوارەی حەسەکە بووە، چیرۆکی حەوت ساڵ تەمەنی لە نێو ئەم قوتابخانەیەدا بۆ رووداو دەگێڕێتەوە. دەڵێت: "زەحمەتییەکی زۆر هەیە، توانای داراییم نییە خانوو بە کرێ بگرم. ئێمە حەوت هەشت کەسین لەناو ئەم چێشتخانە بچووکەدا دەژین. رەوشمان زۆر ناخۆشە و تائێستا کەس هاوکاریی نەکردووین. سەرێ کانی رەوشێکی نادیاری هەیە و نازانین دەگەڕێینەوە یان کۆچێکی دیکە بەرۆکمان دەگرێت."
 
لە ناو جەرگەی شاری حەسەکە، دیمەنەکە دوو فاقییەکی پێوە دیارە. زۆربەی دووکان و بازاڕەکان لە ترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ داخراون، بەشێک لە خەڵکیش بەرەو قامشلۆ بارگەیان گواستووەتەوە. بەڵام لە نێو ئەم بێدەنگییەی بازاڕدا، بۆنی نانی گەرم و تازەی نانەواخانەکان، ئومێدێک بە بەر شارەکەدا دەهێنێتەوە. نۆرەی درێژی خەڵک بۆ نان، تەنیا بۆ تێرکردنی سک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی بێدەنگە بۆ بەردەوامیی ئاشتی.
 
محێدین حاج حسێن، یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی هێشتا لە حەسەکە ماوەتەوە و دەڵێت: "رەوشەکە باشە و خەڵک بۆ هەموو شتێک ئامادەن. وەڵڵاهی ئەگەر شەڕیش دروست بێت، من هەر دێم نان هەڵدەگرم و دابەشی دەکەم، چونکە ئەمە ناچارییە و مرۆڤ لە کاتی شەڕدا زیاتر پێویستی بە هاوکارییە."
 
لە کاتێکدا خەڵکی مەدەنی لە خەمی نان و پەناگەن، لە دەوروبەری شارەکە دۆخەکە جیاوازە. شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایش لە ئامادەباشییەکی تەواودان. هەرچەندە هێزەکانی حکومەتی سووریا 60 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورن، بەڵام زیلان و هەڤاڵانی، چاوێکیان لەسەر سنوورەکانە و چاوەکەی دیکەیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆی شار.
 
زیلان، شەڕڤانێکی کوردە دەڵێت: "هاوڕێکانمان رێکاری پێویستیان گرتووەتە بەر. ئێستا ئۆپەراسیۆنێک بۆ پشکنین و پاراستنی گەلەکەمان لە ناو حەسەکەدا دەستیپێکردووە. با ئەو لایەنانەی شەڕیان دەوێت بزانن، ئێمە لەسەر رێبازی شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین و شارەکە دەپارێزین."
 
دیمەنی حەسەکە تەنیا بە چەکدارەکانی سەر زەوی کۆتایی نایەت؛ لە ئاسمانی شارەکەش دا زیزەی فڕۆکە جەنگییەکان ناوبەناو بێدەنگییەکە دەشکێنن. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەم فڕۆکانە بۆ چاودێریکردنی دوو زیندانی گەورەی داعش لە ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە. ترسەکە تەنیا لە بەرەی شەڕ نییە، بەڵکو لە ئەگەری دروستبوونی هەر ئاژاوەیەک و هەڵاتنی زیندانییانی داعشە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە