رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینی کەشناسیی هەرێمی کوردستان و کەشناسان، لە درەنگی ئەمشەوەوە تاوەکو سبەی نیوەڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەفر ببارێت، لەنێویاندا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "درەنگی ئەمشەو شەپۆلێکی بەفربارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە ناوچەکانی دیکە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە چەند شارێکی باشووری کوردستان بەفر دەبارێت، لەوانە "شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک زاخۆ، شنگال، قەزاو ناحیەکان؛ بەشێک لە سەنتەری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیانیش بەفر بارینی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەهێزتر دەبێ".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی پێشبینییەکان بەفر لەم شارانە و ناحیەکانی سنوورەکانیان دەبارێت؛ هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، کەرکووک، سۆران، مێرگەسۆر، پیرمام، ئیدارەی راپەڕین، چۆمان، دووکان، بازیان، چەمچەماڵ، شارباژێڕ، پێنجوێن، دەشتی هەولێر، موسڵ، کۆیه، بەشێکی شاری کەرکووک و دەوروبەری".
بەگوێرەی پێشبینییەکەی کەشناسی و کەشناسان، بەفربارین لە درەنگی ئەمشەو دەستپێدەکات و لە زۆرینەی ناوچەکان تاوەکو نیوەڕۆی سبەی هەینی بەردەوام دەبێت. محەممەد کەمال گوتی: "کاژێر 11:00ـی شەوی هەینی کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت جگە لە باشووری هەولێر و باشووری گەرمیان، لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەفر ببارێت".
موفتی پێشبینی کرد، بەهۆی هەبوونی شەپۆلێکی بارانەوە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە بەراورد بە ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات. گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت کۆتایی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچەکەمان بگرێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 3 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 1 پلەی سیلیزی
دهۆک: 1 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 3 پلەی سیلیزی
پیرمام: -1 پلەی سیلیزی
سۆران: -1 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -4 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 2 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 3 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 2 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ