کۆمیسیۆن: لە دهۆک هیچ هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار نەکراوە

22-05-2025
پەیمان محەممەد
 خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چوار لایەنی سیاسی لە پارێزگاکە ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە، بەڵام هیچ هاوپەیمانێتییەک پێکنەهێنراوە؛ گوتیشی، 82٪ـی دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-05-2025، خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد رایگەیاند، ''ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسییەکان بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها 25ـی مانگ دەست بە وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.''
 
ئەو پارتە سیاسییانەی کە ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە، پێویستە لە 25ـی ئایارەوە تاوەکو 14ـی حوزەیران ناوی بەربژێرانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن. خالید عەباس گوتی، ''ئەو کات ئێمەش بەدواداچوون بۆ ناوەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن شیاوی بەربژێربوون هەن یان نا.''
 
بەگوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکە هیچ هاوپەیمانێتییەک تۆمارنەکراوە و تەنیا چوار لایەنی سیاسی بە جیا و چوار بەربژێری سەربەخۆش ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تۆمارکردووە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە درێژ ناکرێتەوە.
 
''نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە 82٪''
 
نزیکەی 14 کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن کە زۆربەیان خەڵکی شنگال و دەشتی نەینەوان. خالید عەباس گوتی: ''دەنگدانی ئەو ئاوارانە هەر لە پارێزگای دهۆک دەبێت و کۆمیسیۆن هەموو رێکارەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بۆ نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە موسڵ بچێت.''
 
لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە کە وادەکەی تاوەکو 15ـی حوزەیرانە و سێ جار درێژکراوەتەوە، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن گوتی، ''تاوەکو دوێنێ نزیکەی 28 هەزار ئاوارە کارتی بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە، بەگشتیش 82٪ـی دەنگدەران لە پارێزگاکە ناویان تۆمارکراوە کە ئەوە زۆرترین رێژەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە، بەروارد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق.''
 
لە عێراقدا نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا هەیە کە بەگوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن، نزیکەی 944 هەزاریان دەکەونە سنووری ئەو پارێزگایە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو، تاوەکو دوێنێ،21ـی ئایار، لە کۆی 339 پارتی مۆڵەتپێدراو، 114 پارت ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشانداوە و 60 پارتی نوێش لە قۆناخی پێکهێناندان.
 
هەروەها لەکۆی 66 هاوپەیمانێتیی تۆمارکراو لە عێراق، 18یان خواستی بەشدارییان دەربڕیوە، هەشت هاوپەیمانێتیی نوێش داواکارییان پێشکەشکردووە و دوو هاوپەیمانێتی نوێش بە فەرمی پەسندکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.