گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: شایان عەلی لەسەر قسە گوتن بە دادوەر دەستگیرکراوە

22-06-2023
A+ A-
ئامادەکردن: هەردی محەممەد و هێمن بابان

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، شایان عەلی، چالاکڤانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆی قسە گوتن بە دادوەر دەستگیرکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی دەستگیرکردنی شایان عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەو ئافرەتەمان دەستگیرکرد و دوای لێکۆڵینەوە رەوانەی گرتووخانەی گرتن و گواستنەوە (تەسفیرات)ـی کەرکووک کراوە و لەوێ راگیراوە."
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئافرەتە، موقەدەم عامر نووری گوتی: "لەگەڵ دادوەرێکدا لەنێو دادگەی باری کەسێتی کەرکووک کێشەی دروستکردووە و دەمەقاڵێیان بووە، بۆیە یەکسەر دادوەر لە دادگەوە بڕیاری دەستگیرکردنی دا و رەوانەی پۆلیسی کرد و ئێمەش رامانگرتووە." گوتیشی: "لەنێو دادگەکە ئەو ئافرەتە قسەی بە دادوەر گوتووە و هێرشی کردووەتە سەر دادگەکە و قسەی نەشیاوی بەکارهێناوە و دیارە کە تۆمەتی ناوزڕاندنی دراوەتەپاڵ."
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی نێو دادگەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شایان عەلی بە مادەی 413 و لەسەر سکاڵای دوو دادوەری دادگە دەستگیر کراوە بە تۆمەتی هەڕەشە و سوکایەتیکردن."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، شایان پێشتر دۆسیەی جیابوونەوە لە هاوسەری پێشوو و لەئەستۆگرتنی منداڵەکەی لە دادگە بووە و بە مەبەستی راییکردنی کاروبارەکانی لەسەر ئەو دۆسیەیە سەردانی دادگای کردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەریش لە گرتە ڤیدیۆییەکدا هەڕەشە لە دادوەرانی دادگەکە دەکات.
 
شایان عەلی، کە بانگەشەی ئەوە دەکات وڵاتینامەی ئەمریکای هەیە، ماوەیەکە لە رێگەی تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی ناوبانگی لە سۆشیاڵمیدیا پەیدا کردووە، بە تایبەتی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە بازگەکان تۆماری دەکات. ئەو چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی و دەڵێت؛ شانازی بە عێراقیبوونی دەکات.
 
پێشتر، ئاسایشی هەولێر رایگەیاندبوو، بەهۆی سوکایەتیکردن بە کارمەندانی ئاسایش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.