دەستەی گەشتوگوزار: پلانمان هەیە تا 2030 ژمارەی گەشتیاران بگەیێنینە 20 ملیۆن لە ساڵێکدا

22-06-2023
گەلی عەلی بەگ لە پارێزگای هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
گەلی عەلی بەگ لە پارێزگای هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی پلانی هەشت ساڵەی دەستەکەیان بۆ گەشتوگوزار و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت، بەڵێنیان بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە ژمارەی گەشتیار بۆ ساڵی 2030 بگەیێننە 20 ملیۆن کەس لە ساڵێکدا و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەمساڵ رێژەی گەشتیار بە بەروارد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر دەکات. 
 
ئەمەل جەلال لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گووتی، ئەگەر وەزارەت و لایەنەکانی دیکەی حکومەت هاوکاربن و ئەرکەکانیان بەباشی راپەڕێنن، ئەوان بەڵێنیان بە ئەنجوومەنی وەزیران داوە کە بۆ ساڵی 2030، 20 ملیۆن گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان، چونکە کوردستان هەموو پێویستییەکی گەشتیاری هەیە و کەشوهەواکەی گونجاوە. 
 
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، هەروەها زیاتر لە 3,100 شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن. 
 
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی گەشتیاری بیانییەوە دەڵێت، ساڵی رابردوو رێژەی گەشتیاری بیانی گەیشتووەتە 25٪ و ئەوان بەردەوام هەوڵدەدەن سەرنجی گەشتیاری بیانی بۆ کوردستان رابکێشن، بۆ ئەم مەبەستە تیمی گەڕیدەی پێنج وڵاتی کەنداویان بانگێشتی کوردستان کردووە، "زۆر سەرسامبوون بە سروشتی کوردستان و بە شوێنێکی گەشتیاری گونجاو بەتایبەت بۆ گەشتیاری خێزانی وەسفکرد." 
 
ئەمەل جەلال هەروەها دەڵێت، ئێستا گەشتیاری بیانی لە هۆنک کۆنگ و رووسیا و رۆژئاواوە دێنە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بیانیش رابکێشن بڕیاریانداوە کە چەندین شوێنەواری گەشتیاری لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی نۆژەن بکرێنەوە و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخانکراوە، هەروەها 76 پرۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان ئامادەکراون و بڕیارە لەماوەی داهاتوودا بۆ وەبەرهێنان رابگەیەنرێن. 
 
ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان، هەندێ جاریش گەشتیارانی وڵاتانی دەورووبەر و بیانیش روو دەکەنە هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا شوێنە گەشتیارییەکان پشتبەستنیان لەسەر گەشتیاری نێوخۆیی و عێراقییە. 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.