​لە دەوروبەری لالەزار شەڕە تەقەیە و درۆن لە دەباشان کەوتە خوارەوە

22-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نزیکی هۆتێل لالەزاری سلێمانی کە شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگییە، دەنگی "تەقەیەکی زۆر" دەبیسترێت و ئاگر لە باڵەخانەیەک بەرزدەبێتەوە. هەروەها درۆن لە دەباشان کە شوێنی مانەوەی بافڵ تاڵەبانییە کەوتە خوارەوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دەوروبەری کاژێر 3:30 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 22-8-2025 تەقەیەکی زۆر لە نزیک باڵەخانەی لالەزاری سلێمانی، شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی، دەستی پێکرد.
 
لەلایەکی دیکە، چەند درۆنێک تائێستا لە سنووری دەباشان کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەندین کەس تائێستا بریندار بوون و باس لە کوژرانی چەند کەسێکی دیکەش دەکرێت، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەنگی کڵاشینکۆڤ، بیکەیسی و دۆشکە و چەند جۆرە چەکێکی دیکەی مامناوەندی و تەنانەت چەکی قورسیش دەبیسترێ. 
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداویش گوتی، تەقەکە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لاهوور شێخ جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتی کردەوە خۆی بەدەستەوە بدات و گوتی: "من لەسەر بانم. ئەو برادەرانە بڕیاریان داوە هێرش بکەن. لەوانەیە ئەمە دوا پەیامم بێ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئێمە بە پێوە وەستاوین و بە پێوەش دەمرین".
 
نزیکەی نیو کاژێریش دوای دەستپێکردنی تەقەکردنەکە لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا گوتی: "بە بەرچاوی هەموو دونیاوە بە دەبابە لێمان دەدەن. بەداخەوە کە حکومەت بێدەنگ بوو. هەموو ئەو لایەنانە بێدەنگ بوون. دوای ئێمە سەرەی هەمووانە". 
 
تەقەکردنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوە هات، رۆژی پێنجشەممە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەرچوو. 
 
ئارام محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی تایبەتی رووداو تایبەت بە رووداوەکانی سلێـمانی گوتی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رۆژی پێنجشەممە 21-8-2025 "لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەرچووە، ئەوەش بە گوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی".
 
سەبارەت بە مادەی 56 و سزادانی تۆمەتبار لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکە بەسەریدا، ئارام محەممەد ساڵح گوتی: "مادەی 56 لە یاسای سزاکانی عێراقی پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک. سزاکەش زیندانیکردنە بە ماوەیەک کە زیاتر نەبێ لە 7 ساڵ، ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەری تاوانی گەورە بێ. بەندکردنیشە بۆ ماوەیەک لە 2 ساڵ زیاتر نەبێ یان پێبژاردنێک لە 125 هەزار زیاتر نەبێ ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی، کەتن بێ، ئەگەر لە بارێکدا سزایەکی تووندتر یاسایەکی تووندتری بۆ ئەو دۆخە دانەنابێ".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.