رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی فەلەستین لە غەززە، رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە چوار هەزار و 650 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 14 هەزار کەسیش بریندار بوون، دەشڵێت، بەهۆی شەڕەوە 50٪ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە وێران بوون و 20 هەزارییان بەکەڵکی ژیان نایەن.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، سەلامە مەعرووف، بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی فەلەستین لە غەززە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی پێشهاتەکانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیلی کرد و لەبارەی زیانەکانی شەڕەکە رایگەیاند، "بەهۆی هێرشە بەردەوام و رۆژانەکانی داگیرکەرەوە، چوار هەزار و 651 کەس شەهید بوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکە برینداربوون."
سەلامە مەعرووف باسی زیانە ماددییەکانی شەڕەکەی کرد و گوتی، "50٪ـی شوێن و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا 165 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەتەواوەتی وێران بوون و بە کەڵکی نیشتەجێبوون نەماون."
بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی فەلەستین لە غەززە ئاماژەی بە کەمبوونەوەی پێداویستییە سەرەکییەکان کرد و گوتی، "لەسەر ئاستی مرۆیی سووتەمەنی لە زۆربەی ناوچەکانی غەززە نەماوە، تەنانەت نەخۆشخانەکانیش کە 16 رۆژە لە رێگەی بەکارهێنانی موەلیدەوە کاردەکەن لەبەردەم چەند کاژێرێکی یەکلاییکەرەوەن، چونکە سووتەمەنییان کەمبووەتەوە و رەنگە لە چەند کاژێری داهاتوودا سووتەمەنییان لێ ببڕێت کە ئەوەش واتە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ئەو نەخۆش و بریندارانەیە کە لەو نەخۆشخانانە چارەسەر وەردەگرن."
سەبارەت بەو بارهەڵگرانەی دوێنێ شەممە، لە دەروازەی رەفەح لە میسرەوە چوونە نێو غەززە، گوتی، "بەداخەوە لە رۆشنایی ئەو دۆخە مرۆییە کارەساتبارەدا 20 بارهەڵگر هاتوون، لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە 500 بارهەڵگر دەهاتن، بۆیە ئەو 20 بارهەڵگرە پێویستیی غەززە لە کاتی ئاسایی پڕناکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە ئێمە ئێستا لە دۆخێکی خراپی مرۆیی کارەساتباردایین، کە پێویستییەکان زۆر زیاتر بوون بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و پێداویستیی پزیشکی و خۆراک و نەبوونی کارەبا، بۆیە ئەگەر زوو فریای ئەو داواکارییانەی بۆ فریاگوزاری هەن، نەکەوین و دەروازەکان بەردوام نەکرێنەوە، ئەوا لەبەردەم دۆخێکی زۆر قورسداین، بەتایبەت سووتەمەنی کە شادەماری کارەکانمانە."
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، 12 ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی لە غەززە گیانیان لەدەستدا، سەلامە مەعرووف، بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی فەلەستین لە غەززە، لەو بارەیەوە گوتی: "داگیرکەر لەو هێرشانەیدا هیچ هێڵێکی سوور و پیرۆزی لەلانییە، ئەو کە کەنیسەی بۆردوومان کرد، مزگەوت و نەخۆشخانەی بۆردوومان کرد، چەندین خێزانی کردووەتە ئامانج کە هەڵگری وەڵاتینامەی دیکەن، بۆیە سەیر نییە ئەگەر لەنێو شەهیدەکان کوردیش هەبێت، ئەو بابەتە تائێستا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو شتە سەلمێندرا، ئەوا ئێمە پرسەی خۆمان ئاراستەی برا کوردەکانمان دەکەین و پێیان دەڵێن ئەو خوێنانەی لێرە لەسەر خاکی غەززە دەڕژێت دەیسەلمێنێت دوژمنی مرۆڤایەتی و دوژمنی گەلی فەلەستینی و گەلی عەرەبی و ئیسلامییە، رەچاوی هیچ شتێک ناکات."
سەبارەت بەوەی کە ئیسرائیل دەڵێت، تەنیا گرووپە چەکدارەکان دەکاتە ئامانج، بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی فەلەستین لە غەززە دەپرسێت: "ئەگەر داگیرکەر مقاوەمە[گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین] دەکاتە ئامانج بۆچی ئەو ژمارە زۆرە لە هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە ئامانج؟". هەموو ئەو دیمەنانەی لە رێگەی تیڤییەکانەوە بڵاودەبنەوە ناڕاستی ئەو درۆییانە دەسەلمێنێت، راستەوخۆی تیڤییەکان دەیسەلمێنێت کە داگیرکەر خەڵکی سڤیل و گەڕەکەکان دەکاتە ئامانج کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە، ئەو باڵەخانانە دەڕووخێنێت بەسەر دانیشتووانەکەیدا."
لەبارەی چاوەڕوانییەکانیان لە عەرەب و وڵاتانی موسڵمانان و کردنەوەی دەروازەی رەفەحەوە، سەلامە مەعرووف، دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوانین لە گەلی عەرەبی و ئیسلامی، بەهۆی ئەوەی ئەم شەڕە دروشمی ئەقسای هەڵگرتووە، دەبێت لەپاڵماندا بێت و بەرگری بکات، چونکە مزگەوتی ئەقسا تەنیا لای فەلەستینییەکان پیرۆز نییە، لای هەموو گەلی عەرەبی و ئیسلامی پیرۆزە و داوایان لێدەکەین بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا بکەن پێش ئەوەی بەرگری لە گەلی فەلەستین بکەن."
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە. لە دوای ئەو هێرشەوە ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی سەر غەززە کردووە. لە هەمانکاتدا ئامادەکاریی بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ