کارگەیەکی هەولێر زیاتر لە 5 ملیۆن ئاڵای پارتە سیاسییەکان و یەک ملیۆن ئاڵای کوردستانی دروستکردووە

22-10-2025
جەمال حەسەن
کارکردن لەنێو کارگەکە
کارکردن لەنێو کارگەکە
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی هەڵبژاردن جموجۆڵی زۆری خستووەتە بازاڕی چاپخانەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ، کارگەیەک لە هەولێر 5 ملیۆن ئاڵای پارتە سیاسییەکان و یەک ملیۆن ئاڵای کوردستان بە قەبارەی جیاواز دروست دەکات.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زیاتر لە 7500 کەس بەربژێرن، ئەوانیش بانگەشە بۆ خۆیان و حیزبەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەش پەنا بۆ بەکارهێنانی پۆستەر و ئاڵا و جلوبەرگی تایبەت بە حیزبەکانیان دەبەن، کە لۆگۆ و رەنگ و ژمارەی حیزب و لیستەکەیانی لەسەر دەنەخشێنن.
 
بەرنامەی ئەمجارەی مەید ئین کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە دلێر تێلی پێشکێشی دەکات، چووەتە کارگەی "أجنحة ألنسر" بۆ جلوبەرگ و چاپەمەنی، وردەکاریی بەرهەمهێنان و جلوبەرگ و پۆستەرەکان بۆ پارتە سیاسییەکان دەخاتەڕوو.
 
100 کارمەندی ژن لە کارگەکەدا کار دەکەن
 
سیروان حەمە مەحموود، خاوەنی کارگە 'أجنحة ألنسر' بۆ جلوبەرگ و چاپەمەنی لە بەرنامەکەدا دەڵێت، "100 کارمەندی ژن کە سەرجەمیان کوردن، لە کارگەکەدا کار دەکەن، لەگەڵ 20 پیاو، کە ئەرکی پیاوەکان قورسترە."
 
خاوەنی کارگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "کارگەکەیان لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت، کە بریتین لە بەشەکانی: قوماش، بڕین، رەنگ و دوورین، کە جلوبەرگی ژنان و پیاوان و وەرزشی و سەربازی دروست دەکەن."
 
سیروان حەمە مەحموود دەشڵێت، "ئامێرەکانمان لە وڵاتانی ئەورووپا هاوردە کردووە و چەند ئەندازیارێکیشمان هێناون تاوەکو راهێنان بە کارمەندەکانمان بکەن بۆئەوەی پێویستمان بە دەرەوەی وڵات نەبێت."
 
خاوەنی کارگەکە باس لەوەش دەکات، بەهۆی زۆریی داخوازیی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستەر و کاڵاکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەم ماوەیەدا 24 کاژێر کار دەکەن و ئاڵا، تیشێرت، کڵاو و ملپێچ و ستیکەر و پۆستەر بە رەنگ و قەبارەی جیاواز بەرهەم دەهێنن.
 
بۆ لایەنە عێراقییەکانیش کار دەکەن
 
کارگەکە جگە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ لایەنە عێراقییەکانیش کاری کردووە و نزیکەی سێ ملیۆن ئاڵا، زیاتر لە یەک ملیۆن تیشێرت، دوو ملیۆن ملپێچ و زیاتر لە 800 هەزار کڵاوی بۆ لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان بەرهەمهێناوە.
 
ئەیام نیعمەت، ئەو خانمەی بەرپرسی بەشی بڕینە لە کارگەکە دەڵێت، "20 کچ لە بەشەکەیان کار دەکەن و رۆژانە نزیکەی 30 هەزار ئاڵا دەبڕن و رەوانەی بەشی دوورینیان دەکەن."
 
بەشێک لە بەرهەمەکانی کارگەکە هەناردەی دەرەوە دەکرێت
 
شۆخان مەجید، بەرپرسی بەشی دوورین لە کارگەکە باس لەوە دەکات، ئیشەکەیان تەنیا پەیوەست نییە بە هەڵبژاردنەوە، بەڵکو لە کاتەکانی دیکە کە بانگەشە و هەڵبژاردن نییە کارەکەیان بەردەوامە و بەشێک لە بەرهەمەکانیشیان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام پێش هەڵبژاردن رۆژانە 8 کاژێر کاریان کردووە، لەکاتی هەڵبژاردندا 12 کاژێر کاردەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە