رووداو دیجیتاڵ
بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەنگدەران ئەوانەی بایۆمەترییان هەیە دەبێ تەنیا لە بازنەی خۆیان دەنگ بدەن. ئاوارەکانی کەرکووک و پارێزگای دیکە، ئەوانەی ناسنامە و کارتی نیشتمانییان کەرکووکە، پێویستە بگەڕێنەوە پارێزگاکەیان دەنگ بدەن. پارتی هۆشداری دەدات "خەڵک نەگەڕێتەوە کارەسات روودەدات".
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کەرکووک، نزیکەی 100 هەزار کەس کە لەدوای 2016وە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، نەگەڕاونەتەوە، دەنگدانیان لە کەرکووکە و پێویستە رۆژی دەنگدان بچنەوە پارێزگاکە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر گرنگە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە، بۆ داهاتووی کەرکووک و نوێنەرایەتیی خەڵک لە پەرلەمان پرسێکی و چارەنووسسازە.''
شاخەوان عەبدوڵڵا هۆشداری دەدات: "ئەگەر ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕێنەوە، بۆ کورد کارەسات روودەدات، چونکە دەنگدەری کەم دەبێتەوە لە پارێزگاکە، ژمارەی ئەوانەشی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان نزیکەی 100 هەزار کەسن.''
دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بە هەزاران کەسی خەڵکی پارێزگای کەرکووک ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئاوارەیان نازانێ و زۆربەشیان تێکەڵی ژیان و کاری شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، دەنگدەر دەبێ بگەڕێتەوە پارێزگاکەی خۆی بۆ دەنگدان، نەگەڕانەوەی خەڵک بەشداری و رێژەی کورد لە پارێزگاکە کەمدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر کورسی و نوێنەرایەتیی کەرکووکیش دەبێ لە خولی داهاتووی پەرلەماندا.
کەرکووک 12 کورسی هەیە لە پەرلەمان عێراق، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کورد 6 کورسی پارێزگاکەی بەدەستهێنا، سەرلیستی پارتی دەڵێ: "ئامانجی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنەکان ئەوەیە کورسییەکان زیاد بکەین، لە خراپترین سیناریۆدا کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی 6 کورسی دەدات.'' راشیگەیاند: "بە کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک هاوسەنگیی هێز تێکدەچێت، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نابێت."
سەرلیستی پارتی باسی ژمارەی ئەو ئاوارانەش دەکات مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و دەڵێ: "ژمارەیان لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار کەس دەبێت."
داواش لە خەڵك دەکات بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و کەسانێک بنێرنە پەرلەمانی عێراق "شەڕ لەسەر کەرکووک بکەن."
سەرلیستی یەکێتیش هەمان داوای هەیە: دەنگ نەسووتێنن
یەکێتی لە کەرکووک داوا دەکات خەڵک دەنگیان نەسووتێنن و بەشدارییەکی کارا بکەن لە هەڵبژاردندا.
رۆژی 16ـی 10ـی 2025، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و سەرلیستی حیزبەکە لە پارێزگاکە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی چی دەکەن هیچ دەنگێکی کورد نەفەوتێ لە پارێزگاکە؟ گوتی: "داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک دەکەم دەنگی خۆیان بە فیڕۆنەدەن و نەسووتێنن، دەنگ نەدەن بە لیستێک کە وەکو چۆن دەڵێن ناتوانێت کورسییەک بەدەستبهێنێت.''
رێبوار تەها دەڵێ: "قسە بە یەکدی گوتن و شکانەوەی یەکدی سوودی بۆ کەرکووک نییە، سوودی بۆ نەتەوەکەشمان نییە، هەردوو حیزب ( پارتی و یەکێتی) لەگەڵ ئەوە نین دۆخی کەرکووک تێکبچێت. ئێمە پێویستە بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەلاوە بنێین".
رۆژی 18-10-2025، دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باوەڕیان بە خەڵکی کەرکووک هەیە دەنگیان پێبدات و دەڵێ "دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەکاتێکدا عەرەبەکانیش بە لێشاو دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن."
دیاری حوسێن، پێشبینیی ئەوەشی کرد کە پارتی بتوانێت "3 کورسی" لە کەرکووک بەدەستبهێنێت.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دڵنیاییشی دا و گوتی، "لە ئێستا و داهاتووشدا، هەرکەس و لایەنێک دژایەتیی مادەی 140 بکات و نیازی تەعریبی هەبێت، لە دژی دەوەستینەوە و رێگریی لێدەکەین."
هەمان رۆژ، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیوای خواست دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک سوود لەو دەرفەتە وەربگرن؛ "چونکە دەتوانن بە دەنگەکانیان زۆر شت بگۆڕن و ئێمەش هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین کە دەنگدەرانمان لە رۆژی دەنگداندا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."
بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، "دەکرێت دوای هەڵبژاردن لەگەڵ هەر لایەنێکدا هاودەنگ و هاوکاربین، بەو مەرجەی کە خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بکات و باوەڕی بە جێبەجێ کردنی مادەی 140 هەبێت."
لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، بۆ هەر ساڵێک 100 ملیار دینار وەک بودجەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دانراوە.
بەگوێرەى مادەى 140 هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن، هەروەها دەبێت پارچە زەوییەکیشیان بدرێتێ، بەڵام ئەو ئاوارانەى لە کەرکووک قەرەبوو کراونەتەوە زەوییان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ