هێمن میرانی: لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی میمۆریی دەنگەکان دەگوازرێنەوە

22-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییە ئەمنییەکانی رۆژانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی کراون. گوتیشی، "هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بۆ گواستنەوەی میمۆریی دەنگەکان بەکار دەهێندرێن."
 
رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کۆبووەوە.
 
لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە، هێمن میرانی گوتی، "ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبوو، لیژنەکە دەیانویست بەدواداچوون بۆ پلانی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان بکەن. کارەکان لای ئێمە لە هەموو روویەکەوە زۆر باش بوون و ئەوانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوەدا کە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر جێگیرە و کێشەی نییە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، باسی لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی، "ئەو شوێنانەی ناوچەی هاوبەشیان پێدەگوترێت، پێویستە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی هەرێمی کوردستان و عێراق هەماهەنگیی هەمیشەیی و 100%یان هەبێت، بۆ ئەوەی لە هەردوو رۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا هاووڵاتییان بە ئاسانی بتوانن دەنگ بدەن."
 
بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتیی عێراق بەڕێوەبچێت. هێمن میرانی گوتی، "لە ئێوارەی 5ی تشرینی دووەمەوە قوتابخانەکان رادەستی هێزە ئەمنییەکان دەکرێن، لیژنەی لاوەکی لە هەموو پارێزگاکان بە سەرپەرشتیی پارێزگارەکان دروستکراوە کە لە رۆژی دەنگداندا، بازنەی یەکەم لەلایەن پۆلیس، بازنەی دووەم لەلایەن ئاسایش و بازنەی سێیەمیش لەلایەن پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە چاودێری دەکرێن."
 
لە رۆژی هەڵبژاردندا ئامێرەکانی دەنگدان خۆکارانە کاژێر 06:00ـی ئێوارە دەوەستن و لەو کاتەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو، دەبێت هەرێمی کوردستان داتاکان بۆ بەغدا بنێرێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بۆ گواستنەوەی مێمۆریی دەنگەکان بەکاردەهێنرێن، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆش خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ گواستنەوەی دەنگەکانی شوێنە دوورەدەستەکان، چونکە ماوەیەکی یاساییی بۆ یەکلاییکردنەوە و راگەیاندنی ئەنجامەکان دانراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا- سێنتکۆم

سێنتکۆم: لە شەش مانگدا نزیکەی 80 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش کردووە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، هێزەکانیان بە هاوکاریی هاوبەشەکانیان نزیکەی 80 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش لە سووریا کردووە. راشیگەیاند: "119 گومانلێکراو دەستگیرکراون."