رووداو دیجیتاڵ
شیلان عومەر، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک، لە هەنگاوێکی جیاوازدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، چاڵێنجی هەموو بەربژێرەکانی دیکەی کردووە نەمامێک بچێنن وەکو هێمایەک بۆ گرنگیدان بە ژینگەی شارەکە.
لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، شیلان عومەر رایگەیاند، رێژەی سەوزایی لە کەرکووک "لە 2% کەمترە،" ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە.
شیلان عومەر لەبارەی دەستپێشخەرییەکەیەوە دەڵێت، "نەمامم لەبەردەم پۆستەرەکانم چاند، بۆئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوان، خەڵک لە پۆستەرەکانمان بێزار نەبێت و دوای خۆشمان شتێکی جوان بەجێبهێڵین."
بەربژێرەکەی پارتی هۆکاری سەرەکیی گرنگیدانی بە ژینگە بۆ دۆخی خراپی کەرکووک گەڕاندەوە و گوتی، "دەزانن کەرکووک رێژەی سەوزاییەکەی لە 2% کەمترە، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردەکان دەبێت لە 10% کەمتر نەبێت. ئەمەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر تەندروستیی خەڵکی شارەکە و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و کۆئەندامی هەناسە زۆر بوون."
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بەربژێرەکانی دیکە بۆ چاڵێنجەکەی، شیلان عومەر ئاشکرای کرد، تەنیا لەناو حیزبەکەی خۆیدا وەڵامی دراوەتەوە، "چاڵێنجی هەموو بەربژێرانم کرد، بەڵام تەنیا لە لیستەکەی خۆم وەڵامم درایەوە."
لەبارەی بەرنامەی کاریانەوە وەک لیستی پارتی لە کەرکووک، شیلان عومەر جەختی لەسەر پرسە نەتەوەییەکان کردەوە و گوتی، "ئێمە وەکو بەربژێرانی پارتی، هەمیشە داکۆکیکردن لەسەر مافی کورد و بەتایبەتی مادەی 140 لە پێشینەی کارەکانمان بووە. دەبێت نموونەیەکی جوان بین بۆ ئەم شارە و خەڵک بزانێت کە خەمی شارەکەین. دەبێت ئەو شتە جوانانەی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کراون، بیگوێزینەوە بۆ کەرکووک."
شیلان عومەر دووبارە داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بەشداری لە هەڵمەتەکەیدا بکەن، بۆئەوەی "پێکەوە شارەکە بپارێزن و ژینگەیەکی پاک و جوان دروست بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ