ئاو، ترش و سفرەی سەفەری لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتە بەریتانیا

23-01-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن بەریتانیا هەرێمی کوردستان ئاماری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵی رابردوو هەناری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتە بەریتانیا، ئەڵمانیا و سوێد، کوردێکی دانیشتووی بەریتانیاش بۆ رووداو دەڵێت: دوێنێ ئاو، ترش و سفرەی سەفەری لە سلێمانییەوە دوای سێ هەفتە گەیشتە بەریتانیا.   
 
ئارام بەڵخەیی، هاوردەکارێکی کوردی دانیشتووی شارۆچکەی دۆنکاستەر (Doncaster)ـە لە بەریتانیا و سەبارەت بەو کەلوپەلانەی کە رۆژی هەینی لە سلێمانییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەلوپەلانە دوای سێ هەفتە لەڕێگەی کۆنتێنەرەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، کەلوپەلەکانیش لە (ئاوی سلێمانی، سفرەی سەفەری و ترش - سماق) پێکهاتوون. 
 
بەگوتەی ئەو هاوردەکارە کوردە، ئەو کەلوپەلانە و چەند کەلوپەلێکی دیکە کە پێشتر لە کوردستانەوە هاتوونەتە بەریتانیا لە کۆگایەکی گەورەدا دانراون و رۆژانە بەسەر مارکێت و سوپەر مارکێتەکانی بەریتانیا دابەشدەکرێن. 
 
ئارام بەڵخەیی باسی ئەو کەلوپەلانە دەکات کە رۆژی هەینی رابردوو 22-01-2021 گەیشتوونەتە بەریتانیا و دەڵێت "22 تۆن ئاوی سلێمانی، 22 تۆن سفرەی سەفەری و 2 تۆن ترش گەیشتووەتە ئەوروپا و بەسەر مارکێت و سوپەرمارکێتە کوردەکانی بەریتانیا دابەشکراون."
 
- بڕی ئاوەکە: 40 هەزار و 320 بووتڵ ئاوی (0.5 لیتری)
- سفرەی سەفەری: 52 هەزار و 160 تۆپ
- ترش: دوو تۆن

 

ترشی کوردستان لە بەریتانیا، وێنە؛ ئارام بەڵخەیی

 
"کورد پێشوازییەکی باش لە خۆراک و ئاو و کەلوپەلی کوردستان دەکات"
 
ئارام بەڵخەیی، کە خاوەنی کۆگایەکی گەورەی خۆراک و کەلوپەلە لە شاری دۆنکاستەر ئاماژە بەوە دەدات، کە کوردەکانی بەریتانیا پێشوازییەکی باش لە خۆراک، ئاو و کەلوپەلی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە باشتر لە کەلوپەل و خۆراکی دیکەی وڵاتانی دیکە دایدەنێت. لە مارکێتەکانیش خواستی زۆری لەسەرەوە. 
 
سەبارەت بەوەی کە جگە لە کوردەکان ئینگلیزەکان یان خەڵکی دیکە کەلوپەلی کوردستان دەکڕن؟ لە وەڵامدا ئەو هاوردەکارە کوردە گوتی "سفرەی سەفەری خەڵکی ئینگلیز بەکاری ناهێنێت و نایکڕن، بەڵام ئاو و کەلوپەلی دیکەی کوردی دەکڕن. سفرەی سەفەری کوردەکان زیاتر دەیکڕن."
 
بەگوتەی ئەو کوردە، ساڵانی رابردوو چەندین شتی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بەریتانیا کراوە، "بەڵام یەکەمجارە بەشێوەیەکی فەرمی ئاو، ترش و سفرەی سەفەری هاوردەی بەریتانیا بکرێت."

 

ترش و سفرەی سەفەریی و ئاوی سلێمانی لە بەریتانیا، وێنە؛ ئارام بەڵخەیی

 
" 12 بووتڵ ئاو (0.5 لیتر) بە 1 پاوەن دەکڕم و بە 1.5 پاوان بە مارکێتەکانی دەیفرۆشمەوە"
 
ئەو ئاوەی لە کوردستانەوە نێردراوەتە بەریتانیا لە کۆمپانیای ئاوی سلێمانی هەر 12 بووتڵێکی (0.5 لیتر) بە 1 پاوەن فرۆشراوەتە بازرگانە کوردەکە. بەگوتەی ئارام بەڵخەیی ئەو هەر 12 بووتڵ ئاوەکە بە 1.5 پاوەن بە مارکێتەکان دەفرۆشێتەوە و ئەوانیش بە 1.99 پاوەن بە خەڵکی دەیفرۆشنەوە. 
 
لە 2018ـەوە ئاوی سلێمانی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت
 
هۆشمەند هادی، بەڕێوەبەری فرۆشی کۆمپانیای ئاوی سلێمانی لەبارەی ئەو ئاوەی کە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ساڵی 2018ـەوە ئاوی سلێمانی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، چونکە 100% سرووشتییەوە و لە ئاوی بازیان بەرهەم دەهێنرێت."
 
بەڕێوەبەری فرۆشی کۆمپانیای ئاوی سلێمانی دەڵێت، پێشتر ئاوی سلێمانی نێردراوەتە دوبەی، ئیمارات، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، بڕیاریشە 25 ئەم مانگە ئاوی سلێمانی بگاتە وڵاتی سوێد و لە بەرنامەشماندایە بینێرینە نەرویج.
 
ماوەیەکی زۆرە ئارام بەڵخەیی کاری هاوردەکاریی دەکات، وەکخۆی دەڵێت، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو، لە وڵاتانی دیکەش کەلوپەل و خۆراک هاوردەی بەریتانیا دەکات. یەکێک لەو شتانەی کە لە ئەفغانستانەوە بۆی دێت "تووە".

 

 ئاوی سلێمانی لە بەریتانیا، وێنە؛ ئارام بەڵخەیی

 
"یەک کیلۆ تووی ئەفغانستان بە 3 پاوان دەکڕم و بە 6.5 پاوەن دەیفرۆشمەوە"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئارام بەڵخەیی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو هەر لە کوردستانەوە خۆراک و کەلوپەل هاوردەی بەریتانیا ناکات، بەڵکو لە چەند وڵاتێکی دیکەش کەلوپەل، خۆراک و سەوزەی بۆ دێت. توورە کە لە ئەفغانستانەوە هاوردەی بەریتانیای دەکات و هەر کیلۆیەکی بە 3 پاوەن دەکڕێت و لە بەریتانیا بە 6 پاوەن و نیو دەیفرۆشێتەوە.
 
ئەو داوایەکی ئاراستەی جووتیاران و هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی ناوخۆییان هەیە " داوا دەکەم گرنگی بە خۆراک و کەلوپەلە کوردەوارییەکان بدەن، چونکە کوردانی ئێرە زۆرتر ئارەزووی خۆراکە کوردەوارییەکان دەکات و خواستی زیاتری لەسەرە بەراورد بە کەلوپەل و کاڵای دیکە."
 
 
ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە بەراورد بە ساڵانی رابردوو خواستی زیاتری لەسەربوو، ئەمەش وایکرد کە خەڵکی لە بەریتانیاوە داوای هەناری شارەزوور و هەڵەبجە بکەن، هەر بۆیە یەکەم بارهەڵگری هەنار لە هەڵەبجەوە رۆژی 16-11-2020، گەیشتە بەریتانیا و دوای گەیشتنیشی بۆ ماوەیەکی کەم هەنارەکە لەنێو بارهەڵگرەکەدا نەماو و بەسەر دووکان و مارکێتەکانی بەریتانیدا دابەشکرا. 
 
 
هەناری هەڵەبجە لەژێر ناوی "هەناری کوردستان" نێردرایە دەرەوەی وڵات، پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە نێردرابوویە بەریتانیا و رۆژی 13-12-2020 ، 20 تۆن هەنار گەیشتە ئەڵمانیا و دواتر نێدرایە سوێدیش. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا

سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بۆ رووداو: هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لەگەڵمان نییە

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بێ جێگرەوە نییە بۆ هاوکاریکردنی دارایی ئۆکراینا، بەڵام لە بژاردەکانی دیکە هەنگاریا پشتیوانییان لێ ناکات.