حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشنیازێکی هەمواری پڕۆژەیاسای بودجە: کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە

23-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەبێ راوێژکردن لەگەڵیان دا، پێشنیازێک لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی، تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە. دەشڵێت، "ئەم هەوڵانە کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
 
حکومەت رایگەیاندووە، "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا".
 
لەبارەی ئەو پێشنیازەی بۆ پەرلەمان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
 
"ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیێنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات"، حکومەت وا دەڵێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە".
 
پێشنیازە نوێیەکە چی دەڵێت؟
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری دووەم پێشنیازێکی نوێی لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد. بەپێی دەقی پێشنیازە نوێیەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بە تەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بکات.
 
 هەمواری پێشوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی پەرلەمانی ماوە. 21-1-2025 هەموارەکە بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دابوو، بەڵام دواخرا.
 
ئەو هەنگاوە ئاڵۆزیی زیاتر لە پرۆسەی پەسندکردنی هەموارەکە دروست دەکات. سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە دەقی پێشووی خۆی پاشگەز بووەتەوە و پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم پەرلەمان.
  
سۆران عومەر پێیوایە کە سوودانی بەهۆی گوشاری لایەنە سیاسییەکانەوە ئەم هەنگاوەی ناوە، ئەمەش کێشە و ئاستەنگی زیاتر بۆ تێپەڕاندنی هەموارەکە دروست دەکات، بەتایبەتی کە پێشتر بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەسەر ئەو پرسە ناکۆک بوون.
 
دەقە پێشنیازکراوە نوێیەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیای رووداو کەوتووە بەم شێوەیە:
 
"بە پشتبەستن بە بڕگەکانی (أ) و (ب) لەم بەندە، پێویستە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەکانی بە ناوخۆیی و دەرەکییەوە بە تەواوی و بێ هیچ کەمکردنەوەیەک رادەستی خەزێنەی گشتی بکرێت، بەپێی ئەو رێوشوێنانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دا کاری پێدەکرێت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو، پێویستە تێچووەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەژمار بکرێن".
 
"حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاست بێتە سەرهێڵ"
 
هەر لەوبارەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەم هەویرە ئاوی زیاتری دەوێت"، بەو مانایەی کە ئەم پرسە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە.
 
ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەت خۆی لە لایەک پێداگری لەسەر دەقەکەی پێشوو دەکات و لە لایەکی دیکەوە پێشنیازی نوێی بۆ زیاد دەکات، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
 
جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، "دەقە نوێیەکە دەست و قاچی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، چونکە بەپێی ئەم دەقە دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتی نەوت و گاز رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات".
  
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا، تێپەڕاندنی هەموارەکە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمە و دەستوەردانی سیاسی زۆری تێیدا دەکرێت، بەتایبەتی کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هۆکارێکی دیکەی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکەیە.
 
ئەو جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە رێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاست بێتە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە