رێگەی سماقووڵی داخرا

23-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان، رێگەی سماقووڵی، کە هەولێر بە سلێمانی دەبەستێتەوە داخرا. داوا لە شوفێرانیش دەکرێت تاوەکو رێگەیەکی نوێ لە نزیک بەنداوەکە دروستدەکرێت، رێگە جێگرەوەکان بەکاربهێنن.
 
ئەمڕۆ هەینی 23-02-2024 بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی لەسەر رێگەی سماقوڵی داوایان لە شۆفێران کردووە، کە هاتووچۆ بەو رێگەیەدا نەکەن.
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە نزیک بەنداوەکە رایگەیاند، "بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان. رێگەی سماقووڵی گیراوە، بازگەکان لە دیوی هەردوو بەنداوەکە ئۆتۆمبێلەکان دەگێڕنەوە."
 
بەشێکی رێگەی سماقووڵی دەکەوێتە نێو بەنداوی گۆمەسپان، بەنداوەکە هەرچەندە هێشتا کاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئاوی تێدا گلدراوەتەوە، بەو هۆیەوە بەشێکی رێگەی سماقووڵی ژێر ئاوکەوتووە.
 
پەیامنێری رووداو کە قسەی لەگەڵ ئەندازیارانی بەنداوەکە کردووە، پێیان راگەیاندووە، تیمەکان بەردەوام خەریکی کارکردنن بۆ ئەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ رێگە ژێرئاوکەوتووەکە دروست بکەن.
 
زۆرجار لە کاتی کارکردندا ئۆتۆمبێل لە رێگەکەدا دەچەقن و پەکیان دەکەوێت، ئەوەش کێشەی بۆ تیمەکانی دروستکردنی رێگەکە دروستکردووە، بۆیە بڕیاریان داوە تاوەکو رێگەیەکی جێگرەوە دروست دەکەن، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە رێگەی سماقووڵی رابگرن.
 
چەند رێگەیەک هەولێر بە سلێمانی دەبەستنەوە، لەوانە: رێگەی هەولێر - کەرکووک- سلێمانی، هەولێر - کۆیە - سلێمانی، هەولێر - هیران - سلێمانی و هەولێر - سماقووڵی- سلێمانی، بەڵام رێگەی سماقووڵی نزیکترینیانە لەنێوان هەولێر و سلێمانی، بۆیە شۆفێران زیاتر ئەو رێگەیە بەکاردەهێنن.

 

 
 
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی رێگەکە، ئەندازیارانی پڕۆژەکە بە پەیامنێری رووداویان راگەیاندووە، دروستکردنی رێگەی جێگرەوە نزیکەی دوو هەفتە کاتی دەوێت.
 
بەنداوی گۆمەسپان قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە؛ ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە ئاوی تێدا گلدرایەوە.
 
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 95 ملیار دینار دروست دەکرێت؛ پڕۆژەکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر.
 
پاییزی ساڵی 2013 بەردی بناخەی بەنداوەکە دانراوە، شەڕی داعش و قەیرانی دارایی کارەکانی دواخست. بەهاری ساڵی 2021 دەست بەکارەکانی کرایەوە و ئێستا 65%ی کارەکانی تەواو کراون.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.