رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پارچە زەوی بە هەموو خێزانێکی کوردی گەڕاوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی مادەی 140 دەدرێت. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، پڕۆسەکە بەربەستی لەبەردەمدایە.
ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایار، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی فەیسبووک رایگەیاند، "دوابەدوای نووسراومان بە ژمارە 61 لە 14ی نیسانی 2025 و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی مادەی 140ی حکومی لە 20ی نیسانی ئەم ساڵ، رەزامەندیمان وەرگرت هەر خێزانێکی کوردی گەڕاوە بۆ کەرکووک، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە، پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت."
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "ئەم بڕیارە ئەو خێزانانەش دەگرێتەوە کە مامەڵەیان تەواو کردووە، بەڵام قەرەبووی 10 ملیۆن دینارییان وەرنەگرتووە؛ سەرجەم ناوچەکانیش لە شنگال تاوەکو خانەقین دەگرێتەوە و نووسراو ئاراستەی پارێزگاکان بۆ جێبەجێکردنی کراوە."
هەر لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە دووەم جارە بە نووسراو داوای پارچە زەوی بۆ ئەو خێزانە کوردانە دەکرێت. جاری یەکەم لە ساڵی 2007 بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە و ململانێ سیاسییەکانی نێو کەرکووک رێگر بوون."
سەرۆکی لیژنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باسی لەوەش کرد، "بەپێی ئەو نووسراوانە بێت، هەر خێزانێک 200 مەتر زەویی پێدەدرێت؛ کۆی گشتیشیان 39 هەزار و 353 خێزانە، کە دابینکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە پارچە زەوییش لە کەرکووک ئاسان نییە."
لە نووسراوەکەی هادی فەرحان عامری، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری مادەی 140ی دەستوور، کە بۆ پارێزگاری کەرکووک نێردراوە، ئەوە هاتووە، قەرەبووی خێزانە دەرکراوەکان بکرێتەوە بە پێدانی پارچە زەویی موڵکی دەوڵەت لە شوێنی رەسەنی خۆیان، بە مەرجێک پێشتر لە وەرگرتنی زەوی لە دەوڵەتەوە سوودمەند نەبووبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ