لە شەش مانگدا 46 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا گیانیان لەدەستداوە

23-07-2022
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
لە شەش مانگی ئەمساڵدا 46 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا گیانیان لەدەستداوە
لە شەش مانگی ئەمساڵدا 46 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا گیانیان لەدەستداوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێگەی نێوان کەرکووک - بەغدا، قەرەباڵخترین و خراپترین رێگەی هاتووچۆیە لە عێراقدا، ئەوە بەگوتەی شۆفێرانی هێڵەکە، لە دوای 2003ـەوە رێگەکە هەروەکو خۆیەتی و هیچ نۆژەن نەکراوەتەوە و هیچ تابلۆیەکی هاتووچۆشی لەسەر نییە.
 
ساڵی رابردوو هەزار و 600  رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە روویداوە، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا 93 رووداوی هاتووچۆ روویداوە و 46 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
درێژیی رێگەکە 279 کیلۆمەترە، پایتەختی عێراق بە کەرکووک و هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە. ماوەی ساڵێکە دوو کۆمپانیا کار لە بەشێکی رێگەکە دەکەن و تاوەکو ئێستا تەنیا توانیویانە 20 کیلۆمەتری قیڕتاو بکەن. 
 
شۆفێرێک کە هاتووچۆی لەسەر ئەو رێگەیەیە و رۆژانە زیاتر لە جارێک پێیدا دەڕوات، شایەتحاڵی دەیان رووداوی هاتووچۆ بووە و دەڵێت، رۆژانە خەڵک دەمرێت.
 
ئەحمەد موحسین، شوفێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم شەقامە کە بەغدا و کەرکووک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کۆتایی هاتووە، هەموو تاسەیە و رووداوەکان لە ژماردن نایەت، لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ نوژەنکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە، مردن
رۆژانە هەیە و رووداوی توقێنەر روودەدات، ئەمە لە مێژە ناویان ناوە رێگەی مەرگ."
 
شۆفێرێکی دیکە کە رۆژانە بەسەر رێگەکەدا هاتووچۆ دەکات، ساتی وەرگەڕان و سووتانی تانکەرێکی سووتەمەنی تۆمارکردووە و باسی چەند رووداوێکی دیکەش دەکات.
 
بەسام موسا، شۆفێری رێگەی کەرکووک - بەغدایە و دەڵێت: "رێگەکە ماندووە و رۆژانە رووداوی خوێناوی تێدا روودەدات، چوار رۆژ لەمەوپێش لاندگرۆزەرێک تایەی تەقی و دوو هاوژین تێیدا مردن، لە جەژن سەرنشینانی کەیەیەک بەتەواوەتی مردن."
 
ناسر غازی، گەشتیارە و باس لەوە دەکات: "ئەوە رێگەی پایتەختە، دەبوو تاوەکو هەولێر رێگەکەی ئۆتۆبان بوایە، هەر هیچ نەبێ تاوەکو کەرکووک، ئەمە رێگەی مەرگ و مردنە، یان دەردەچی یان تێدەچی، من سێیەم جارمە پێیدا دێم، رێگەی مردنە."
 
وێڕای خراپی و نالەباریی رێگەکە، نەبوونی هێمای هاتووچۆ و ئاگادارکردنەوە، ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆی زیاترکردووە، بە جۆرێک تەنیا ساڵی رابردوو هەزار و 600 رووداوی هاتووچۆ لەو شەقامەدا روویداوە.
 
فارس عەزاوی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دیالە دەڵێت: "هەمووان پێچەوانەی یەک دەڕۆن، ئەمەش زۆربەی رووداوەکانی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت ئامارەکانی ماتۆڕسکیلش زۆر زۆرە، وێڕای ئەوەی پارێزگار لە کاژێر شەشی ئێوارەوە هاتووچۆی لێ قەدەخە کردوون، بەڵام هێشتا رووداوەکان زۆرە."
 
ماوەی ساڵێکە دوو کۆمپانیا کار لە چاککردنەوەی بەشێک لە شەقامەکە دەکەن، بەڵام تەنیا توانیویانە 20 کیلۆمەتری رێگەکە قیڕتاو بکەن، ئەو شەقامە دووسایدە تەنیا یەک سایدی بەکاردێت و ئەوەی دیکەی بە تەواوەتی تێكچووە و بەکەڵکی هاتووچۆکردن نەماوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

پارێزگای نەینەوا: 40٪ـی کارەباکەمان بە نایاسایی بە فیڕۆ دەچێت

سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی 40%ـی کارەبای پارێزگاکە "ون دەبێت" و بەشێکی زۆری خەڵک و شوێنە گشتییەکان بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە؛ دەشڵێت: "دەستوەردانی سیاسی رێگرە لە لادانی سەرپێچییەکان."