پاتریارکایەتیی کلدانی: مەبەستی لویس ساکۆ لە ئاساییکردنەوە لەگەڵ عێراق بووە نەک هیچ وڵاتێکی دیکە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاتریارکایەتیی کلدانی، لەبارەی لێدوانەکانی کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان، سەبارەت بە چەمکی "ئاساییکردنەوە- دروستکردنی پەیوەندی" بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەبەستی پاتریارک ئاساییکردنەوە (دروستکردنی پەیوەندی) بووە لەگەڵ عێراق نەک هیچ وڵاتێکی دیکە.
 
لە روونکردنەوەکەدا، کە دوای بڵاوبوونەوەی بەشێک لە گوتارەکەی ساکۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، پاتریارکایەتیی کلدانی رایگەیاندووە: "پاتریارک ساکۆ جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هەمووان لەگەڵ عێراق ئاسایی ببنەوە، نەک لەگەڵ وڵاتێکی دیکە، چونکە حەزرەتی ئیبراهیم عێراقی بووە و عێراقیش وڵاتی ئایینەکان و زۆرێک لە پەیامبەرانە."
 
لویس ساکۆ، لە کاتی بەڕێوەچوونی قوداسی جەژنی لەدایکبووندا ئەو قسانەی کرد، کە تێیدا پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی نوێی عێراق کرد و داوای کرد، هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نێوخۆی عێراق بن.
 
شەوی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئاهەنگی لەدایکبوونی مەسیح لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا، کاردیناڵ لویس ساکۆ رووی کردە محەممەد شیاع سوودانی و پێیگوت: "بەڕێز سەرۆکوەزیران باسی ئاساییکردنەوە دەکرێت، هیوام وایە حکومەتی نوێ گرنگی بەوە بدات کە ئاساییکردنەوە لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە".
 
بەکارهێنانی وشەی ئاساییکردنەوە کە زیاتر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، بووە جێی تێبینى سەرۆکوەزیران.
 
محەممەد شیاع سوودانی لە گوتارەکەی خۆیدا لە هەمان کەنیسە گوتی: "ئێمە لە عێراق پێویستیمان بە ئاساییکردنەوە نییە، بەڵکو پێویستیمان بە برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان هەیە؛ ئەمەش پابەندبوونێکی ئاکاری، شەرعی، دەستووری و یاساییە کە ئەو پەیوەندییانەمان بەسەردا دەسەپێنێت، وشەی ئاساییکردنەوە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە، چونکە ئەو وشەیە پەیوەستە بە قەوارەیەکی داگیرکەر کە لە دژی زەوی و مرۆڤایەتییە و هەموو ئایینە ئاسمانییەکان ڕەتی دەکەنەوە".
 
لە کاردانەوەى ئەو گفتوگۆیەى نێوان سوودانى و لویس ساکۆ، موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە نووسینێکى لە تۆڕى ئێکس بڵاوکردەوە. موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئاساییکردنەوە تاوانە و یاسای عێراقی لەسەری سزا دەدات، هەر کەسێکیش هانی بدات یان داوای بکات، هەر کەسێک بێت، لە سزا دوور نابێت".
 
سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە دەشڵێت: "پێویستە لەسەر لایەنە فەرمییە تایبەتمەندەکان خێرا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن؛ لە عێراقدا جێگەی ئاساییکردنەوە و رەواییپێدانی نابێتەوە."
 
 26-05-2022، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی 276 پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای تایبەت بە قەدەخەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پەسند کرد.
 
یاساکە رێگری لە هەموو جۆرە پەیوەندییەک دەکات لەگەڵ ئیسرائیل بە هەر شێوەیەک بێت؛ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقیی ناوەوە یان دەرەوەی عێراق بێت، یان بەرپرسانی مەدەنی و سەربازی بێت، یان ئەو بیانییانەی کە لە عێراق نیشتەجێن.
 
سزاکانی ئەو یاسایە لەنێوان بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی تاوەکو لەسێدارەدانە بۆ ئەو کەسانەی بەگوێرەی یاساکە تۆمەتبار دەکرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارتی هێڵەکانی کۆرەک و ئاسیاسێل.

عێراق 20% باج دەخاتە سەر کارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 20% باج خرایە سەر کارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت. بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، ئەو بڕیارە بەهۆی کۆتاییهاتنی یاسای بودجە بووە و نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە زیاد دەکات.