رووداو دیجیتاڵ
تەنیا چەند رۆژێک ماوە بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق( 29-12-2025 دانیشتنەکە دەکرێت)، هیچ یەکێک لە پێکهاتەکان یەکلایی نەبوونەتەوە بۆ سێ پۆستە سەرەکییەکەی پرۆسەی سیاسی، ئەوەش جارێکی دیکە ئەو بژاردەیە دەخاتە پێش کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت درێژە بکێشێت .
هەڵبژاردنەکەی تشرینی دووەمی 2025 فراکسیۆنێکی وای دروستنەکرد زۆرینەی یەکلاکەرەوەی هەبێت، ئەمەش دەرگەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەنی دانوستاندن کردەوە، چ لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکان، هەروەها لەنێو هەر یەکێک لەو پێکهاتانەش.
حکومەتی نوێی عێراق کە بڕیارە پێکبهێنرێت، دەچێتەوە سەر شانازیی سەقامگیری وڵاتەکە، بەڵام لە بەردەم پەرلەمانێکی پەرتەوازە، زیادبوونی کاریگەریی سیاسیی گرووپە چەکدارەکان، ئابوورییەکی لەرزۆک و قەیرانی دارایی دەبێتەوە، ئەوە جگە لە گوشار و هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا مشتومڕی چەکدانان وەکو داوای سەرەکی ئەمریکا و رەتکردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن بەشێکی ئەو گرووپانە کە ئێستا باڵی سیاسیشیان لەنێو پەرلەمانی عێراق هەیە.
هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێنا. سوودانی لە خولی یەکەمیدا خۆی وەکو کەسێکی "پراگماتی" پێشاندا جەختی لە باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکردەوە و توانی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت، ئەو نیازی هەیە بۆ خولی دووەم سەرۆکایەتی حکومەت بکاتەوە، بەڵام دیار نییە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە تەنیا یەکجار ئەو دەرفەتەی بۆ سیاسەتڤانێک رەخساندووە ( نووری مالیکی دوو خول سەرۆکایەتی حکومەتی کردووە)، رێگە دەدات سوودانی بگاتەوە ئەو ئامانجەی یان کەسێکی دیکە هەڵدەبژێرێت؟.
هەرچەندە هاوپەیمانییەکەی سوودانی بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام هێشتا ئەو چوارچێوەیە نەچووەتە ژێرباری ئەوەی سوودانی بکاتەوە بەربژێری سەرەکی، ئەو خاڵە و رکابەرییەکان بۆ ئەو پۆستە هێشتا چەقی کۆبوونەوە هەفتەییەکانی چوارچێوەکەیە .
سەجاد جیاد، لێکۆڵینڤان لە دامەزراوەی سێنچری و شارەزای کاروباری عێراق دەڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت کەسێک دابنێت بتوانێ کۆنتڕۆڵی بکات و خواستە سیاسییەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەکە نەبێ.''
سوودانی لە ساڵی 2022 بە پشتیوانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پۆستەکەی وەرگرت، بەڵام وەکو ئەو لێکۆڵینڤانە دەڵێت: "ئێستا هاوپەیمانێتییەکە خولی دووەم بە سوودانی نادات، چونکە بووەتە رکابەرێکی بەهێز".
تاکە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بۆ دوو خول ئەو پۆستەی وەرگرتبێت، نووری مالیکی بوو، یەکەمجار لە 2006 هەڵبژێردرا. هەوڵەکەی بۆ خولی سێیەم شکستیهێنا دوای ئەوەی بەهۆی قۆرخکردنی دەسەڵات و پەراوێزخستنی سوننە و کوردەوە رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە.
سەجاد جیاد دەڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی وانەی لە مالیکی وەرگرتووە، نایەوێت سەرۆکوەزیرانێک دابنێت ویستی تایبەتی هەبێ و هەوڵبدات دەسەڵاتی خۆی لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە بەهێز بکات.''
خاڵێکی دیکە بە بڕوای ئەو لێکۆڵینڤانە، دانانی کەسێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە پەسند بێ، چونکە هەردوو وڵات کاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە، ئەوە جگە لەوەی دەبێ عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراقیش پەسندی بکات.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا، هاوپەیمانی و لیستە شیعەکان - کە لەلایەن حیزبەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە کۆنترۆڵ کراون، 187 کورسییان مسۆگەر کرد، سوننەکان 77 کورسی، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش 56 کورسیان بەدەستهێناوە، 9 کورسیش وەکو کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی سوودانی، لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە 46 کورسی بەدەستهێنا.
ئەنجامەکان بۆ سوودانی هەرچەندە کردوویەتی بە حیزبی یەکەم، بەڵام رێگەی پێ نادات، بەبێ پشتیوانیی لایەنی دیکە حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش ناچاری دەکات خۆی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێکبخات بۆ پاراستنی ئاسۆی سیاسیی خۆی.
ئەو هاوهەڵوێستییە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەدی کرا، کاتێک حکومەتەکەی سوودانی پاشگەزبووەوە لە بڕیاری ناساندنی حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکان وەکو گرووپی تیرۆرستی، هەرچەندە ناوهێنانیان چەندین قۆناخی بڕیبوو، بەڵام بە بیانووی " هەڵەکردن" ناویان لەو لیستە دەرهێنرا .
ئەو گرووپانەی باڵی چەکدارییان هەیە 90 کورسی پەرلەمانیان هەیە،دەبنە یەک لەسەر سێی کۆی پەرلەمانی داهاتوو، ئەو ئەنجامە ئەمە گەورەترین دەرکەوتنیانە لە نێو پەرلەمان لە دوای ساڵی 2003ـەوە ، ئەوان بەشێکیان بە لیستی سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان لەنێو لیست و هاوپەیمانی دیکەدا بەشداربوون.
هەروەها، هێزە سوننەکان هەوڵدەدەن لەژێر ناوی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بە ناوی "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی" خۆیان رێکبخەنەوە، بە ئامانجی گێڕانەوەی ئەو کاریگەرییەی کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2021 لەدەستیان دابوو، بەڵام هێشتا ئەو لایەنانە نەیانتوانیوە کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکەن کە بەپێی دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان، ئەو پۆستە دەدرێتە ئەوان.
کوردیش کە پۆستی سەرۆککۆماری لایە، بە هەمان شێوە پارتی و یەکێتی پێکەوە بەربژێرێکی هاوبەشیان دیاری نەکردووە، وا دەردەکەوێت هاوشێوەی خولی رابردوو بە جیا بچنە نێو رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
رێکارە دەستوورییەکان
پەرلەمان پابەندە بەوەی لە ماوەی 15 رۆژدا لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرێت، 29ـی مانگ دانراوە بۆ ئەو دانیشتنە، بەڵام ئەگەر لەو چوار رۆژەی داهاتوو سوننەکان نەگەنە رێککەوتن، دانیشتنەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
دەبێت پەرلەمان لە ماوەی 30 رۆژدا لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، سەرۆکوەزیرانیش لە ماوەی 15 رۆژدا لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، راسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتی نوێ 30 رۆژی لەبەردەم دەبێ بۆ پێشکێشکردنی کابینەکەی بۆ پەرلەمان.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی نوێ
حکومەتی نوێی عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە، سەرەکیترینیان بریتییە لە قەرزێکی زۆر کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە 106 تریلیۆن دینار ( 75 ملیار دۆلار)دەخەمڵێنرێت، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2025 کۆی قەرزەکان 106 تریلیۆن دیناربووە، کە 87 تریلیۆن قەرزی نێوخۆییە و 18.7 تریلیۆن دیناری قەرزی دەرەکییە، ئەوە جگە بودجەیەکی ساڵانە کە هێشتا زیاتر لە ٪90ـی پشت بە نەوت دەبەستێت.
بەڵام پێدەچێت هەستیارترین پرسی داهاتووی عێراق، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بێت، لە ساڵی 2016ـدا ئەو هێزە بە فەرمی خرایە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقەوە، سەرۆکوەزیرانیش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام لە واقیعدا هێشتا بەشێکی زۆری ئەو گرووپانە سەربەخۆییەکی بەرچاوەوە کارەکانیان دەکەن.
ئەمریکا گوشاری کردووە بۆ ئەوەی عێراق کارێک بکات بەشێکی ئەو گرووپانە چەک دابنێن، ئێستا لەنێوان قسەکانی فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەشێکی سەرکردەی ئەو گرووپانە، دوو بۆچوونی دژ بەیەک هەن، یەکێکیان ئەو گرووپانەی دیاریکرد چەک دادەنێن، بەڵام بەزوویی بەشێکیان رەتیانکردەوە گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرابێ.
دوو بەرپرسی باڵای عێراقی، کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە دەڵێن: "ئەمریکا هۆشداریداوە لە دیاریکردنی هەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران کە کۆنترۆڵی گرووپێکی چەکداری بەدەستەوە بێت، هەروەها رێگەنەدرێت کەسایەتییەکانی پەیوەست بە گرووپە چەکدارەکان وەزارەتە سەرەکییەکان بگرنەدەست یان پۆستی ئەمنیی گرنگ وەربگرن.
سەجاد جیاد، لێکۆڵینڤان لەوبارەوە دەڵێت:" پرسی سەرەکی ئەوە دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە دەکرێت هێزی چەکداریان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان".
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و لەلایەن ئەمریکاوە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە، گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا چەکدانانی رەتکردەوە و پرسەکەی پەیوەست کرد بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پاراستنی خەڵک و شوێنە ' پیرۆزەکان ' لە گرووپە پەڕگیرەکان.
لەنێوان قەیرانی دارایی و قەرزی زۆر، هەروەها گفتوگۆی دوور و درێژی دیاریکردنی سێ پۆستە باڵاکە و دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان، هێشتا زۆر کار ماوە حکومەتی نوێ بیکات و بگاتە قۆناخێک خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ خەڵک باشتر بکات و بچێتە قۆناخی حکومەتی 'خزمەتگوزار'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ