رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق دەڵێت، کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت ماوەی هەفتەیەکە لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستداوە و کەس پێی نەزانیوە. پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: "لێکۆڵینەوەمان لە بابەتەکە کردووە، بە رووداو گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو مردنەکەی سرووشتی بووە."
ڕۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ماوەی هەفتەیەکە لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستداوە و کەس پێی نەزانیوە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەو هاووڵاتییە بە تەنیا ژیاوە و کەسوکاری نەبووە، باری دەروونی تەواو نییە".
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هاووڵاتییە تەمەنی 68 ساڵە، دوای ئەوەی تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەرکەوتووە کە مردنەکەی سرووشتییە و هیچ رووداوێکی دیکە لە ئارادا نییە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو، ئەو کەسە ناوی (جەبار)ـە و بە "شێخە" ناسراوە. پێش ئێوارە بەهۆی بۆنی لاشەکەیەوە، دراوسێکانی سەردانی ماڵەکەیان کردووە و بە مردوویی دۆزیویانەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ