کوردستان
رۆژی سێشەممە 2021/09/21 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شوێنی پرۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەسەرکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سێمێل رایدەگەیێنێت، گوژمەی فڕۆکەخانەی دهۆک 443 ملیۆن دۆلارە و ئەو فڕۆکەخانەیە پرۆژەیەکی زۆر ستراتیجی و گرنگە و حکومەت پێداگرە کە ئەو پرۆژەیە تەواو بکات.
خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای سێمێل بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دروستکردنی ئەو فڕۆکەخانەیە کە گوژمەکەی 443 ملیۆن دۆلارە، پرۆژەیەکی زۆر ستراتیجی و گرنگە بە تایبەتی بۆ قەزای سێمێل. ئێمە لە پرۆژەکانی ساڵی 2012 و 2013دا کە نزیکەی 25 پرۆژەن و زۆر گرنگ و ستراتیجین، بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە راگیران. گوژمەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکانی قەزای سێمێل 462 ملیۆن دۆلار و 188 ملیار دینارە. هەموو ئەو پرۆژانە راگیراون و تەنیا یەکێکیان کاری تێدا دەکرێت کە پرۆژەی ئاوی فەیدییە."
د. لەیلا محەممەد، مامۆستای زانکۆ و شارەزای پلاندانانی شارسازییش گوتی: "زۆر پێویستە لە دهۆکدا فڕۆکەخانە هەبێت. دەبێتە ناوەندێک بۆ گرێدانی دهۆک بە تورکیا و ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانەوە."
ئاراس دۆسکی، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیارییە و گوتی: "خەڵکی دهۆک زۆربەی دەچنە فڕۆکەخانەکانی شرناخ و ئامەد بۆ ئەوەی بچنە ئیستەنبووڵ. هەبوونی ئەم فڕۆکەخانەیە لە رووی ئابوورییەوە بۆ دهۆک زۆر گرنگە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاری بیانی سەردانی شارەکە بکەن."
ئێستا کە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، هەندێک گوتە بڵاوبوونەتەوە کە باس لەوە دەکەن کە راگەیاندنی دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک "بانگەشەی هەڵبژاردنە."
قایمقامی قەزای سێمێل گوتی: "دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە. لەبەر ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرا. حکومەت پێداگرە کە ئەو پرۆژەیە تەواو بکات. دوو کۆمپانیای تورکی پێشتر کاریان لە فڕۆکەخانەی دهۆکدا کرد، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە راگیرا. ئەم جارە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لە پرۆژەکەدا دەست بە کار دەکرێتەوە."
هەر لەبارەی پرۆژە راگیراوەکانی سێمێلەوە ئەو قایمقامە گوتی: "بەهۆی قەیرانی داراییشەوە دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سێمێل وەستاوە کە گوژمەکەی 108 ملیار دینارە و، پرۆژەیەکی هەر زۆر پێویستە بۆ پارێزگای دهۆک کە نەخۆشخایەکی حەوت قاتە."
لەلایەکی دیکەیشەوە خەلیل مەحموود باسی پاڵاوگە نایاساییەکانی کورد و گوتی: "زیاتر لە 40 پاڵاوگەی نەوتمانن هەن کە هەموویان نایاسایین و بە زێدەڕۆیی دروست کراون. لە 2021/08/25ـەوە بە بڕیاری پارێزگاری دهۆک هەموو ئەو پاڵاوگانە لە کار راگیراون."
رۆژی سێشەممە 2021/09/21 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شوێنی پرۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەسەرکردەوە کە پرۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆک و بەستنەوەی بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوخۆ و دەرەوە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ