رووداو دیجیتاڵ
کرێی تاکسی، پاس و مینی پاس لە نێو شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان 25٪ تاوەکو 55٪ زیادکرا.
شێرکۆ نوورانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی مهاباد رایگەیاند، نرخە نوێیەکانی کرێی تاکسی و پاس و مینی پاسەکان، دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی شاری مهاباد و پەسندکردنی لەلایەن قایمقامی شارەکە، زیاد کراوە.
شێرکۆ نوورانی گوتی، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کرێی تاکسییەکانی نێو شاری مهاباد بە رێژەی 50٪ زیاد کراوە و لە 10 هەزار تمەنەوە بووەتە 15 هەزار تمەن، هەروەها کرێی تاکسی تەلەفۆنییەکانی نێو شاریش بە رێژەی 25٪ زیاد کراوە و لە 25 هەزار تمەنەوە کراوەتە 30 هەزار تمەن.
بە گوتەی بەرپرسەکەی شارەوانیی مهاباد، نرخی کرێی گواستنەوەی تاکسی بۆ زۆربەی گەڕەکە دوورەکانی شارەکە لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 35 هەزار تمەن زیادکراوە، هەروەها کرێی تاکسی بۆ هەموو هۆڵەکانی سنووری شاری مهاباد، 45 هەزار تمەن دیاریکراوە کە پێشتر 40 هەزار تمەن بوو.
سەبارەت بە نرخی کرێی پاس و مینی پاس لەنێو شاری مهاباد، شێرکۆ نوورانی دەڵێت، کرێی گواستنەوە بە پاس و مینی پاس لە نێو شار 55٪ زیادکراوە و لە شەش هەزار تمەنەوە کراوەتە 10 هەزار تمەن. جگە لەوەش، کرێی پاسەکانی خانەقا و یوسفکەند 33٪ زیادکراوە و لە 7 هەزار و 500 تمەنەوە کراوەتە 10 هەزار تمەن. هەروەها کرێی پاسەکانی دریاز و ئیندرقاش 15 هەزار تمەن دیاریکراوە، کە پێشتر 12 هەزار تمەن بوو.
لە ماوەی ئەم ساڵ دا ئەمە جاری دووەمە نرخی کرێی گواستنەوەی گشتی لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەکرێت. لە 25ی ئاداری ئەم ساڵ، کرێی تاکسی، پاس و مینی پاس لە نێو شاری مهاباد بە رێژەی 40٪ زیادکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ