دهۆک یەکەمی عێراقە لە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان؛ 77%ـی کارتەکان دابەشکراون

23-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 77%ـی کارتی دەنگدانی نوێ لە دهۆک دابەش کراون؛ بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان. کەمترین کارتى دابەشکراویش لە نەجەفە، رێژەی ئەو کارتانە نوێیانەی دابەشکراون لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتووەتە 62.2%.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆی سێ ملیۆن و 583 هەزار و 704 کارتی بایۆمەتری نوێ کە یەکەمجارە خاوەنەکانیان بتوانن دەنگی پێ بدەن، ملیۆنێک و 942 هەزار و 50 کارت دابەش کراون، دەکاتە 62.5%ی تێکڕای ئەو کارتانە نوێیانەی چاپ کراون. ژمارەی ئەو کارتانەش دابەش نەکراون ملیۆنێک و 165 هەزار و 938 کارتە کە 54.2%ی تێکڕای کارتە چاپ کراوەکانن.
 
لەو ئامارەدا ئاماژە بەوە دراوە 475 هەزار و 716 کارتی بایۆمەتری نوێ لە قۆناخی چاپکردنیاندان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
ئەو کارتە نوێیانە ئەوانە دەگرێتەوە یەکەمجارە تەمەنیان دەگاتە ئەوەی دەنگ بدەن، لەگەڵ ئەو کەسانەی پێشتر مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرنەهێناوە.
 
پارێزگای دهۆک لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دابەشکردنی زۆرترین کارت کە لە کۆی 91 هەزار و 782 کارتی نوێ، 70 هەزار و 798 کارت دابەش کراون و دەکاتە 77.1%ی تێکڕای کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایە.
 
هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی دووەمدایە بە دابەشکردنی 107 هەزار و 966 کارتی بایۆمەتری نوێ، کە 66.6%ی تێکڕای کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایە کە 162 هەزار و 230 کارتە.
 
لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 134 هەزار و 824 کارتی نوێی دەنگدان، 82 هەزار و 225 کارتیان دابەش کراون کە 61%ی تێکڕای کارتەکان دەکات.
 
بەگوێرەی ئامارەکە ژمارەی ئەو کارتانەی لە قۆناخی چاپکردندان لە دهۆک شەش هەزار و 279 کارتن، لە هەولێر 15 هەزار و 202، لە سلێمانیش 19 هەزار و 748 کارتن.
 
پێشتر لە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە و دەنگی پێ بدەن."
 
رێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە کەرکووک 66.6% بووە و 100 هەزار و 174 کارت وەرگیراونەتەوە لە کۆی 150 هەزار و 341 کارتی نوێی ئەو پارێزگایە.
 
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9ی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنەکە دوو رۆژ دواتر دەکرێت.
 
لەدوای دهۆک، دووەم زۆرترین وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری لەسەر ئاستی عێراق نەینەوا بووە کە 73.1%ی دابەش کراوە و 333 هەزار و 368 کارت بوون.
 
کەمترین بڕی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە پارێزگای نەجەف بووە کە 45 هەزار و 23 کارت بووە کە 35.5%ی تێکڕای کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە