رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی لە هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا برینداربوون براونەتەوە ماڵەوە و تەنیا دوو برینداریان لە نەخۆشخانە ماون و ئەوانیش تەندروستییان جێگیرە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆی ئەو 30 پێشمەرگەیەی لە هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بریندار بوون، 28 پێشمەرگەیان براونەتەوە ماڵەوە و تەندروستییان باشە."
سەبارەت بەو بریندارانەی هێشتا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "تەنیا دوو پێشمەرگە لە نەخۆشخانە ماون کە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، چونکە برینەکانیان کەمێک سەخت بوو و پێویستیان بە چارەسەری زیاترە، بەڵام ئێستا تەندروستییان جێگیرە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، "مەترسی لەسەر ژیانی هیچ کام لە پێشمەرگە بریندارەکان نەماوە" و باسی لەوەشکرد، تاوەکو بە تەواوی چاک دەبنەوە، ئاگاداری باری تەندروستییان دەبن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ