رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران (ئەرتەش) دەڵێت، بە چەند مووشەکێکی زەوی بۆ زەوی، بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران بڵاویکردەوە: "لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانمان، شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو گرووپە جوداخوازانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێن، لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە مووشەکی زەوی بۆ زەوی بۆردوومانکرد."
سوپای ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو ناوچەیەی لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوەتە ئامانج "یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پشتیوانی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمریکا و چەندین جۆر ئامێر و سیستمی سەربازی تێدایە."
بەگوتەی بەرپرسێکی حکومەت بۆ رووداو، جگە لە هێرشی سەر بارەگای پێشمەرگە لە سۆران کە بووەهۆی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا هەرێمی کوردستان بە 25 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ